لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فراوانبوونی هێرشە بەرامبەرەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ڕێژەی نزیکەی 3% بەرزبووەوە. ئەم دۆخە مەترسییەکانی کڕیاران و بازرگانانی سەبارەت بە ئاسایشی دابینکردنی وزە و گواستنەوەی دەریایی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە زیندوو کردووەتەوە.
لە میانەی مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا، نەوتی خاوی برێنت 2.34 دۆلار (واتە 3.08%) بەرزبووەوە و گەیشتە 78.35 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساس نرخەکەی 2.21 دۆلار (واتە 3.09%) بەرزبووەوە گەیشتە 73.62 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەم بازدانەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە ئێران هێرشەکانی فراوانتر کرد بۆ سەر چەند وڵاتێکی کەنداو، هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هێرشی زیاتری کردە سەر ناوخۆی ئێران. ئەم پەرەسەندنانە دۆخی نادڵنیایی لەسەر داهاتووی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە نەوتییەکانی جیهان زیاتر کردووە.
داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان لە کۆمپانیای "کیبلەر" (Kpler) نیشانی دەدەن کە ڕۆژی یەکشەممە تەنها شەش ماسیگرە (ناقيلە) بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، ئەمەش نزمترین ئاستی هاتووچۆیە لە ماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوودا و دەرخەری ترس و نیگەرانییەکانی بازاڕە لە ئەگەری پەککەوتنی دابینکردنی نەوتی جیهانی.
بۆچوونی شارەزایانی ئابووری وایە کە ئەم بەرزبوونەوەی ئێستای نرخی نەوت، تەنها ڕەنگدانەوەی دڵەڕاوکێی بازاڕەکانە لە پەرەسەندنی قەیرانەکە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ئەو شۆکە گەورەیەی کە ڕەنگە بەهۆی ڕاگرتنی تەواوەتی دابینکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دروست ببێت.
