فلۆرێنتینۆ پێرێز، ململانێی سەرۆکایەتی یانەی ڕیاڵ مەدریدی لەو هەڵبژاردنەدا یەکلاکردەوە کە دوێنێ یەکشەممە بەڕێوەچوو، کاتێک توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر ڕکابەرەکەیدا، ئێنریکی ڕیکێڵمی، بەدەستبهێنێت.
پێرێز ٦٥٪ـی دەنگی ئەندامانی یانەکەی بەدەستهێنا، بەمەش بەردەوامبوونی خۆی لە سەرکردایەتیکردنی یانەی شاهانە تا ساڵی 2030 مسۆگەر کرد، کە ئەمە دەبێتە خولی هەشتەمی سەرۆکایەتیی ئەو لەسەر ڕاسی گەورەترین یانەی جیهان.
ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن یانەکەوە ڕاگەیەندراون، ئاشکرایان کردووە کە پێرێز 21741 دەنگی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەر 11814دەنگ بۆ پیاوی کار، ئێنریکی ڕیکێڵمی؛ ئەم ئەنجامەش ڕەنگدانەوەی ئەو متمانە گەورەیەیە کە سەرۆکی ئێستا لەلایەن جەماوەری یانەکەوە لێی بەهروەمەندە.
پێرێز پێشتر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی 2009، 2013، 2017، 2021و 2025 بەبێ ڕکابەر (تەزکیە) سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو. بڕیار بوو خولی ئێستای لە ساڵی 2029 کۆتایی بێت، بەڵام پێش ئەوەی بڕیاری سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، توانی لەسەر حیسابی ڕیکێڵمی کورسییەکە بباتەوە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز.. متمانەیەکی مەزن لە سەرەتاوە
پێرێز لە سەرەتای ڕاگەیاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەوە، بە متمانەیەکی زۆرەوە چووە ناو کێبڕکێی سەرۆکایەتییەوە.
لە 12ی ئایاری ڕابردوودا، دوای دڵنیابوونەوە لە دەرچوونی ڕیاڵ مەدرید بە وەرزی سفر (بێ نازناو) کە ئەمە دووەم وەرز بوو بەدوایەکدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەرکەوت و بە توندی هێرشی کردە سەر ڕۆژنامەگەری و هەندێک لە نەیارەکانی.
پێرێز سەرباری ئەو ڕەخنە جەماوەرییە زۆرەی ڕووبەڕووی ببووەوە، دەستلەکارکێشانەوەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت، بەمەش تەحەدای سەرجەم نەیارەکانی کرد.
فلۆرێنتینۆ لەو کاتەدا گوتی: "زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونی هەمووتان.. داوای لێبوردنتان لێدەکەم کە پێتان ڕابگەیەنم من دەست لەکار ناکێشمەوە، بەڵکو داوای هەڵبژاردن دەکەم".
ئەو ئاشکرای کرد کە خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا کاندید دەکاتەوە و ڕوونی کردەوە: "داوام لە لێژنەی هەڵبژاردن کردووە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کارگێڕی دەستپێبکەن، کە تێیدا ئێمە، وەک ئەم ئەنجومەنەی ئێستا، خۆمان کاندید دەکەینەوە".
زانیاری زیاتری دا و گوتی: "من ئەم بڕیارەم بەهۆی دۆخێکی بێوێنە و دەستکردەوە دا، کە ئەنجامی ئەو کەمپینانە بوو کە دژی بەرژەوەندییەکانی ڕیاڵ مەدرید و دژی شەخسی من داڕێژرابوون. ئەنجامەکان جێگەی ڕەزامەندی نەبوون، بەڵام لە وەرزشدا هەمیشە سەرکەوتن هاوڕێت نییە.. ئەوان ئەم دۆخە دەقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر من بە شەخسی.. دەپرسن: فلۆرێنتینۆ لەکوێیە؟ من بە شێوەیەکی ئاسایی قسە ناکەم. تەنانەت هەندێک پێیان گوتم کە من تووشی شێرپەنجە بووم لە قۆناغی کۆتاییدا".
سەرباری ئەوەی لەو کاتەدا زۆر کەس ئێنریکی ڕیکێڵمی-یان نەدەناسی، بەڵام پێرێز بە ئاشکرا تەحەدای کرد و گوتی: "داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەم لەم ساڵەدا بۆ ئەوەی کاندید هەبن. ئەو پیاوەی بە شێوەزارێکی ئەمریکای باشوور لەگەڵ کۆمپانیاکانی کارەبا قسە دەکات، با خۆی کاندید بکات. بە شێوەزاری مەکسیکی. دەڵێن ئێمە زۆر خراپین و من دیکتاتۆرم. با ئەو پیاوەی باسی دەکەین و هەر کەسێکی تریش کە ئارەزووی دەکات، خۆی کاندید بکات
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەرکەسێک دەیەوێت خۆی کاندید بکات، با کاندیدی بكات. بەڵام لە پشت منەوە قسە مەکەن کە من ماندوو دیارم و ئەمەش بەهۆی زۆری کارەکانمەوەیە. پێویستە سنوورێک بۆ ئەمە دابنیم. ناتوانم قبووڵی بکەم کە کەسانێک لە میدیاکاندا جڵەوی کارەکانیان گرتبێتە دەست".
هێرشەکانی ئێنریکی لەگەڵ پێرێزدا سەری نەگرت
ئێنریکی ڕیکێڵمی لە یەکەم ساتەکانی دەرکەوتنی لە میدیاکان و ڕاگەیاندنی کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنەکە، سەرنجی خۆی خستە سەر هێرشکردنە سەر پێرێز و قسەکردن لەسەر "دیکتاتۆریەت" و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی ڕاستەقینە بۆ ماوەی 20 ساڵ.
ڕیکێڵمی دژی سەرجەم پێشنیارەکانی پێرێز وەستایەوە، چ لەوەی پەیوەندی بە تیپی یەکەمەوە هەبوو وەک دەستنیشانکردنی خۆسێ مۆرینیۆ وەک بەڕێوەبەری هونەری، یاخود لە گرێبەستە نوێیەکاندا.
هەروەها ڕیکێڵمی لە کەمپینەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پێرێز یانەکە دەفرۆشێت و دەچێتە قۆناغی تایبەتکردن (کەرتی تایبەت)، داوای لە ئەندامانیش دەکرد ڕیاڵ مەدرید لەو پلانە ڕزگار بکەن.
ڕیکێڵمی بەڵێنی گەورەی وەک گرێبەستکردن لەگەڵ ئێرلینگ هالاند و ڕۆدری لە مانچستەر سیتییەوە دەدا، هەرچەندە گواستنەوەی هێرشبەرە نەرویجییەکە خەونێکە بۆ هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید، بەڵام ئەم بابەتە بۆ کاندیدە گەنجەکە دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبوو.
لەبری سوودوەرگرتن لەو بەڵێنانە، قسەکردن لەسەر گرێبەستی هالاند ڕەخنەیەکی زۆری بۆ ڕیکێڵمی هێنا، بەتایبەت لەگەڵ ڕەتکردنەوەی بابەتەکە لەلایەن یاریزانە نەرویجییەکە و هەڕەشەی یانەکەی بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست دژی کاندیدی سەرۆکایەتییەکە.
بۆچی پێرێز لە هەڵبژاردنەکانی ڕیاڵ مەدریددا سەرکەوتنى بەدەستهێنا؟
ڕیاڵ مەدرید لە دوو وەرزی ڕابردوودا بێ نازناو دەرچووبوو، لە ناوەڕاستی قەیرانی گەورەی ژووری جلگۆڕین و ناسەقامگیری هونەری بەهۆی چەندین جار گۆڕینی بەڕێوەبەری هونەری.
بابەتەکە گەیشتە لووتکە کاتێک یاریزانان پێکدادانیان کرد، وەک ئەوەی لە نێوان چوامینی و ڤاڵڤێردیدا ڕوویدا، کە ئەم قەیرانە توندی ڕەخنەکانی بۆ سەر ئیدارەی پێرێز زیاتر کرد.
بەڵام هەڵبژاردنەکان لە ڕووی وەرزشییەوە یەکلا نەکرانەوە، بەڵکو فاکتەرێکی سەرەکی هەبوو کە فلۆرێنتینۆ پێرێز پشتی پێبەست بۆ بەردەوامبوونی لە پۆستەکەی و پێدەچێت لە یەکەم ساتەوە گرەوی لەسەر کردبێت؛ لێرەدا قسە لەسەر "لایەنی ئابووری"ـیە، کە سەرچاوەیەکی هێزی گەورەی ڕیاڵ مەدریدە، ئەوەی گرنگیەکەشی زیاتر دەکات دۆخی سەختی بارسێلۆنای ڕکابەریەتی.
لەکاتێکدا بارسا بە توندی بەدەست دۆخی ئابوورییەوە دەناڵێنێت و کار گەیشتووەتە ئەوەی تەنها بەدوای چارەسەردا بگەڕێت بۆ تۆمارکردنی گرێبەستە نوێیەکانی، لە لایەکی دیکەوە دەبینین ڕیاڵ مەدرید لە سەقامگیرییەکی دارایی گەورەدا دەژی و هیچ باسێک لە قەیرانی دارایی نییە.
لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا، ئەوە ڕاگەیەندرا کە ڕیاڵ مەدرید بۆ ساڵی سێیەم بەدوایەکدا پڕداهاتترین یانەی جیهانە. بەر لە چەند ڕۆژێکیش گۆڤاری (فۆربس) ڕایگەیاند کە ڕیاڵ مەدرید لە سەرووی لیستی بەهادارترین یانەکانی تۆپی پێی جیهانە بۆ ساڵی 2026.
فۆربس ئاماژەی بەوە کردووە: "یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بۆ ساڵی پێنجەم بەدوایەکدا لە سەرووی لیستی بەهادارترین یانەکانی تۆپی پێی جیهاندایە، بە بەهای بازاڕى 9.5 ملیار دۆلار، ئەمەش بەهۆی تێپەڕاندنی داهاتەکەی لە بەربەستی ملیار دۆلار و سەرکەوتنە بەردەوامەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا، لەژێر رۆشنایی بەردەوامی بازدانی وەبەرهێنان و سپۆنسەری و مافی پەخش لە پیشەسازی تۆپی پێی جیهانیدا".
فۆربس لە ڕێگەی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکەیەوە زیادیکردووە: "ڕیاڵ مەدرید بەردەوامە لە چەسپاندنی باڵادەستی دارایی خۆی، دوای ئەوەی داهاتەکەی لە ساڵی 2024-2025بۆ 1.27 ملیار دۆلار بەرزبووەوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی و بەرزترینە لە مێژووی تۆپی پێدا و تەنانەت لە ژمارەکانی (دالاس کاوبۆیز) لە تۆپی پێی ئەمریکیدا تێپەڕی کردووە".
هەروەها هاتووە: "ڕیاڵ مەدرید پێگەی خۆی وەک بەهادارترین یانەی تۆپی پێ لە جیهاندا بۆ ساڵی پێنجەم بەدوایەکدا دەپارێزێت، وە بۆ جاری دەیەم لە کۆی 13چاپی کۆتایی پۆلێنکردنی ساڵانەی فۆربس، دوای ئەوەی بەهاکەی بۆ 9.5 ملیار دۆلار بەرزبووەوە، تا جیاوازییەک کە نزیکەی دوو ملیار دۆلارە لەگەڵ بارسێلۆنای خاوەن پلەی دووەم بپارێزێت، کە لە وەرزی ڕابردوودا تاکە یانەی تری مێژوو بوو بەربەستی ملیار دۆلار لە داهاتدا تێپەڕێنێت (بێجگە لە گرێبەستەکانی گواستنەوەی یاریزانان)".
پشتگیری ئەفسانەکان و تۆڕی پەیوەندییە بەهێزەکان
لە پاڵ فاکتەری ئابووریدا، پێرێز پشتگیرییەکی گەورەی لەلایەن ئەفسانەکانی یانەکە و ئەستێرە کۆنەکانیەوە بەدەستهێنا بۆ بەردەوامبوونی لە پۆستەکەی لە ماوەی داهاتوودا.
سەبارەت بە ڕیکێڵمی، تەنها ژمارەیەکی کەم لە ئەفسانەکان پشتگیرییان لێکرد کە دیارترینیان ئیکەر کاسیاس و ڕاوول گۆنزالێس بوون، ئەمەش بەس نەبوو بۆ سەرکەوتنی کاندیدە گەنجەکە.
جگە لەوەش، پێرێز خاوەنی تۆڕێکی پەیوەندی زۆر فراوانە کە لە ڕێگەی گەشتە درێژخایەنەکەیەوە وەک ئەندازیاری شارستانی و پیاوی کار بنیاتی ناوە، چونکە ئەو بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە ئابوورییەکانی ئیسپانیا دادەنرێت و پۆستی سەرۆکی کۆمەڵەی ACS بەڕێوەدەبات کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بیناسازی و ژێرخان لە جیهاندا.
سامانی فلۆرێنتینۆ پێرێز بە چەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمەش وای لێدەکات لەنێو دەوڵەمەندترین پیاوانی کاری ئیسپانیا و یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرۆک یانەکانی جیهانی تۆپی پێ بێت.
گشت ئەم فاکتەرانە، سەرکێشییەکەی ڕیکێڵمی-یان پووچەڵکردەوە کە تێیدا دروشمی گێڕانەوەی دیمۆکراسی بۆ ڕیاڵ مەدرید بەرزکردبووەوە، وە باڵادەستیی پێرێز-یان چەسپاند، کە بە متمانەیەکی زۆرەوە و بە پشتبەستن بە چەندین چەک و لە سەرووشیانەوە هێزی دارایی یانەی شاهانە، چووە ناو کێبڕکێیەکەوە.
