Apora Logo

کۆڕەک تیلیکۆم دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە پەکخستنی کارەکانی تۆمەتبار دەکات

کۆڕەک تیلیکۆم دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە پەکخستنی کارەکانی تۆمەتبار دەکات

ئاپۆڕانیوز_هەواڵ

3/6/2026

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ڕەخنەی توندی ئاراستەی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق کرد و بە نادادپەروەری و لایەنگری تۆمەتباری کردن، هاوکات ڕایگەیاند کە بە شێوازێکی بەئەنقەست ڕێگری لە کارەکانیان دەکرێت و هەوڵدەدرێت بە بڕیاری زۆردارانە لە بازاڕی پەیوەندییەکان دووربخرێنەوە.


 کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵی 2007ـەوە و لە سەرەتای وەرگرتنی مۆڵەتەکەیان، بە بەردەوامی ڕووبەڕووی ستەم بوونەتەوە و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراون، سەرەڕای ئەوەی بە هەموو مەرجەکانی حکومەت و لێژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕازی بوون. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەکە پەیوەندی بە پرسی ئەستۆپاکی باجەوە هەیە، بە جۆرێک کە دەستەی ڕاگەیاندن بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باجی هەرێمی کوردستان، کە شوێنی سەرەکیی دامەزراندنی کۆمپانیاکەیە، ڕێگری خستووەتە بەردەم جێبەجێکردنی گرێبەستی پێکهاتن.


کۆڕەک تیلیکۆم ڕوونیکردووەتەوە کە ئەوان هەموو ڕێکارە یاساییەکانیان گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بە ئەنقەست نووسراوە فەرمییەکانی باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنی حکومەتی پشتگوێ خستووە و لە ڕێکەوتی ٢ی حوزەیرانی 2026دا پەنای بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بردووە.


 لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەشدا کە دەڵێن کۆڕەک بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستەکە جدی نییە، کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە ئەمە پێچەوانەی ڕاستییەکانە و پەیوەندییەکانیان تاوەکو 31ی ئایاری 2026 بەردەوام بووە، تەنانەت دوای جەژنی قوربان شاندێکی باڵای کۆمپانیاکە چوونەتە بەغدا بۆ بینینی سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار، بەڵام ناوبراو لە کات و ژوانە دیاریکراوەکە خۆی دزیوەتەوە. لە کۆتاییدا، کۆڕەک تیلیکۆم هۆشداری داوە کە ئەم جۆرە بڕیارانە دەبنە هۆی لەناوبردنی سەرچاوەکانی داهاتی گەنجینەی گشتی و زیان گەیاندن بە ملیۆنان بەشداربوو و کەرتی گەیاندن بە گشتی، و جەختی کردووەتەوە کە لە پێناو پاراستنی مافەکانیاندا، پەنا بۆ هەموو ڕێکارە یاساییەکان لە دادگا ناوخۆیی و دەستوورییەکان دەبەن و ئەمە بە ئەمانەتێکی سەرشانی خۆیان دەزانن.

;