سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا دۆخی نوێی گرژییەکانی ناوچەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند'' لە بەرگریکردن بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەواوی پووچەڵ دەکەنەوە.''
ئاماژەی بەوەش کرد کە دووژمن ناچارە ئەو یاسا نوێیانە قبووڵ بکات کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە گۆڕەپانەکەدا، بەتایبەت لە بواری بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی تگەرووی هورمزدا سەپاندوویانن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە گردبوونەوە جەماوەرییەکانی لایەنگرانی حکومەت لە شارە جیاوازەکاندا کراوە و هاتووە کە ئامادەبوونی خەڵک لە شەقامەکاندا پاڵپشتییە بۆ مەیدانی جەنگ و سەنگەری دیپلۆماسی، و فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ بەدیهاتنی سەرکەوتنی کۆتایی.
ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێیان ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕادارێکیان لە دوورگەی قیشم و کەشتییەکی نەوتهەڵگریان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هێرشیان کراوەتەسەر، و لە وەڵامدا ئەوانیش چەند ناوەندێکی سەربازیی ئەمریکایان لە وڵاتانی کەنداو کردووەتە ئامانج.
لای خۆشییەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پشتڕاستی کردەوە کە لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا، وێستگەیەکی کۆنترۆڵی سەربازیی زەوینییان لە دوورگەی قیشم پێکاوە. دوورگەی قیشم دەکەوێتە ناوچەیەکی ستراتیژی لە تەنگەی هورمز، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە و لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لەلایەن تارانەوە بەڕووی هاتووچۆی بازرگانیدا داخراوە.
