وەزارەتی تەندروستی کوێت ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان، تا ئێستا پێشوازییان لە 63 بریندار کردووە.
د. عەبدوڵڵا سەند، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی کوێت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە یەکەم کاتژمێرەکانی هێرشە توندەکەی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی کوێت، سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە."
وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆی ئەو 63 بریندارەی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، 7 نەشتەرگەری گەورە و بەپەلە ئەنجامدراون، ستافی پزیشکیش بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئەرکدان.
هاوکات وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاوڵاتیان کردووە ڕوو لە بانکی خوێنی ناوەندی بکەن بۆ بەخشینی خوێن، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی یەدەگی ستراتیژی لە وڵاتدا.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی کوێت ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون، جگە لە زیان گەیشتن بە چەندین دامەزراوەی هەستیار و گرنگ، لەوانەش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوێت و چەند نێردەیەکی دیپلۆماتی.
