دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی، پێشهاتی نوێ و گرنگی سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و ئایندەی ناوچەکە ئاشکرا کرد. ترەمپ ڕایگەیاند کە تاران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە پرۆسەی گفتوگۆکاندا کرد و ڕایگەیاند: "موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەشدارە."
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆخی پەیوەست بە ئێران بە خێرایی پەرە دەستێنێت و بەرەو ئاراستەیەکی "زۆر باش" دەچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەگەری هەیە لە قۆناغێکدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاوی بە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران بکەوێت و کۆببنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشیکرد لەگەڵ کۆتاییهاتنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، نرخی بەنزین و گاز لە بازاڕەکانی جیهاندا لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاساییبوونەوەی ئابووریی جیهان. گوتیشی، واشنتن لە ئێستادا هیچ پێویستییەکی بە ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران نییە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ بێزاری و نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەردەوامیی ململانێ و پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بەو گرژی و شەڕە بەپەلە کردەوە.
