Apora Logo

کەمتر لە 6 کاتژمێر خەوتن لە شەودا؛ هۆشداریی توند لە مەترسیی مردنی پێشوەختە دەدرێت

کەمتر لە 6 کاتژمێر خەوتن لە شەودا؛ هۆشداریی توند لە مەترسیی مردنی پێشوەختە دەدرێت

ئاپۆڕانیوز - بەشی تەندروستی

3/6/2026

کۆلێژی پزیشکیی نەخۆشییەکانی دڵی ئەمریکی هۆشداری دەدات لەوەی کە خەوتن بۆ ماوەی کەمتر لە 6 کاتژمێر لە شەودا، دەبێتە هۆی کورتکردنەوەی تەمەنی مرۆڤ. بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری کۆمەڵەی دڵی ئەمریکیدا بڵاوکراوەتەوە، کەمخەوێت نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان بەدەست نەخۆشییەکانی دڵەوە دەناڵێنن یان ئەگەری تووشبوونیان هەیە، چونکە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زیادبوونی ڕێژەی مردنەوە هەیە.


دوو هێندە و سێ هێندەبوونی مەترسیی مردن

ئەم توێژینەوەیە لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی "پێن ستەیت" ئەنجامدراوە و تێیدا چاودێریی دۆخی تەندروستیی 654کەسی تەمەن ناوەند کراوە. دوای شیکارییە ئامارییەکان، زاناکان گەیشتنە ئەم ئەنجامە ترسناکانە:

1- بۆ تووشبووانی پەستانی خوێن و شەکرە:

خەوتن بۆ ماوەی کەمتر لە 6 کاتژمێر، مەترسیی مردنی گشتییان دوو هێندە دەکات، هەروەها مەترسیی گیانلەدەستدانیان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە بە ڕێژەی %83 زیاد دەکات بەراورد بەوانەی زیاتر دەخەون.

2- بۆ تووشبووانی نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشک:

کەمتر لە 6 کاتژمێر خەوتن، مەترسیی گیانلەدەستدانیان بە گشتی بۆ زیاتر لە سێ هێندە زیاد دەکات، هاوکات مەترسیی مردنیان بەهۆی شێرپەنجەوە سێ هێندە بەرز دەکاتەوە.


بۆچی 6 کاتژمێر خاڵی وەرچەرخانە؟

پزیشکانی توێژەر لە تاقیگەی تایبەتی خەودا بۆ ماوەی 8 کاتژمێر چاودێریی شێوازی خەوتنی بەشداربووانیان کردووە. لە ڕووی زانستییەوە، خەوتنی کەمتر لە 6 کاتژمێر وەک "ماوەی خەوی کورت" جێگیرکراوە، چونکە سەلمێندراوە کە ئەم کاتە سنوورێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی جەستە و ڕێگریکردن لە تێکچوونی بەهێزی کۆئەندامی سووڕانی خوێن.


ڕاستییەکی مەترسیدار لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC)، نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری سەرەکین بۆ یەکێک لە کۆی چوار حاڵەتی مردنی ساڵانە لە ئەمریکادا، و زۆربەی هاووڵاتیانیش لانیکەم یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوونیان تێدایە (وەک شەکرە یان بەرزەپەستانی خوێن).


شارەزایان پێیان وایە، گرنگیدان بە ڕێکخستنی کاتەکانی خەو (هاوشانی پارێزیی خۆراکی و وەرزش)، کلیلی ڕزگارکردنی ژیانی ملیۆنان کەسە و یارمەتییان دەدات تەمەنێکی درێژتر و تەندروستتر بژین.

;