Apora Logo

سەرۆکوەزیرانی عێراق پڕۆژەیەکی نوێی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی زەوی بەخۆڕایی ڕادەگەیەنێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق پڕۆژەیەکی نوێی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی زەوی بەخۆڕایی ڕادەگەیەنێت

ئاپۆرا نیوز- بەشی هەواڵ

3/6/2026

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پڕۆژەیەکی نوێی نیشتەجێبوون بۆ دابەشکردنی پارچەزەوی بەخۆڕایی بەسەر خێزانەکاندا ڕادەگەیەنێت و ڕایدەگەیەنێت: "نامانەوێ هیچ عێراقییەک بێ زەوی بێت."


زەیدی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی لە پلانی حکومەتەکەی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون و گوتی: "هەموو خێزانێکی عێراقی کە پارچە زەوی نییە، دەمانەوێ پارچە زەوییەکی بەخۆڕایی پێ بدەین."


سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە مۆدێلێکی هەمەجۆر پەیڕەو دەکەن کە تێیدا کەرتی تایبەت و کۆمپانیا گەورەکان و بازرگانان بەشدار دەبن. زەیدی وتی: "پشتگیریی بازرگانەکان دەکەین و لەگەڵیان دەبین. کارەکان دابەش دەکەین؛ هەر بازرگانێک بەشێک دەگرێتە ئەستۆ و ئێمەش وەک دەوڵەت بەشێکی دیکە دەگرینە ئەستۆ."


حکومەتی عێراق بەنیازی سوودوەرگرتنە لە توانای کۆمپانیاکانی نەوت و کارەبا بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ پڕۆژەکە، بە شێوازێک کە وەک "قازانجی کۆمەڵایەتی" بێت. زەیدی ڕوونیکردەوە: "ئێمە پارە وەرناگرین، بەڵکو بە بازرگانەکە دەڵێین پشکی تۆ ئەوەیە  10هەزار یان 5 هەزار پارچە زەوی ئامادە بکەیت."


لە کۆتاییدا زەیدی دووپاتی کردەوە کە حکومەت ئامادەیە بەشێک لە تێچووی پڕۆژەکە لە گەنجینەی دەوڵەتەوە دابین بکات بۆ ئەوەی زەوییەکان بە تەواوی خزمەتگوزارییەوە بگەنە دەستی هاووڵاتیان.


;