دەسەڵاتی گشتیی فڕۆکەوانیی شارستانیی کوەیت، ڕۆژی چوارشەممە ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی و گۆڕینی ئاڕاستەی فڕۆکەکانی بۆ فڕۆکەخانە جێگرەوەکان تا کاتێکی نادیار ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە یەکێک لە بیناکانی تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت لەلایەن چەندین درۆن و مووشەکی ئێرانییەوە کرایە ئامانج، کە بەپێی ڕاگەیەندراوی دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەکە، هێرشەکە برینداربوونی چەندین کەس و زیانی گەورەی بە دۆخی ناوخۆیی و دامەزراوەکانی فڕۆکەخانەکە گەیاندووە.
هاوکات سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرکردایەتیی گشتیی سوپای کوەیت ڕایگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و درۆنییە دوژمنکارییەکان بداتەوە کە ئاسمانی کوەیتیان کردبووە ئامانج. سوپا ڕوونیکردەوە کە ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە چەند ناوچەیەک بیستراون، بەهۆی تێکشکاندنی ئامانجە ئاسمانییەکانەوە بووە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە. سوپای کوەیت داوای لە هاووڵاتیان و دانیشتووان کرد پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن.
لە لایەکی دیکەوە، عەقید سعود ئەلعەتوان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت، هۆشداریی توندی دایە هاووڵاتیان کە بە هیچ شێوەیەک نزیکی ئەو پاشماوە، پارچە و کەرەستە نەناسراوانە نەکەونەوە کە بەهۆی تێکشکاندنی درۆن و مووشەکەکەنەوە کەوتوونەتە خوارەوە.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی کوەیت وردەکاریی زیاتریان سەبارەت بە قەبارەی تەواوی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە، لە کاتێکدا دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان لەسەر هێڵن بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و پاراستنی ئاسایشی وڵات.
