بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گرنگ لەبارەی دەستپێکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت، سەردانی بەغدای پایتەخت بکات، ئەم پرسە ڕاستەوخۆ بە بژێوی خەڵک و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە بەستراوەتەوە.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە چەند بەرپرسێکی باڵای حکومی پێکهاتووە، کە بریتین لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران.
بڕیارە شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بەتایبەت بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نیشتمانیی پۆشینی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کۆببێتەوە، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک جهت گەڕانەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئاستی پێشووی.
پرسی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، یەکێکە لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا. بەگوێرەی شارەزایان، ئەگەر ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هاوشێوەی ڕابردووی لێبێتەوە، دەبێتە گەرەنتییەکی بەهێز بۆ ئەوەی بەغدا مانگانە و بێ کێشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت؛ بەتایبەتی لە ئێستادا کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا لە ئاستێکی بەرزدایە.
لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران و بەهۆی هێرشی میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان، هەناردەی نەوتی کوردستان لە زۆربەی کێڵگەکاندا پەکیکەوت، بە جۆرێک قەبارەی هەناردەی ڕۆژانە لە (200 بۆ 250 هەزار) بەرمیلەوە بۆ تەنها 20 هەزار بەرمیل دابەزی.
لێکەوتەکانی جەنگ تەنها زیانی بە هەرێم نەگەیاندووە، بەڵکو ئاستی گشتی هەناردەی نەوتی عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە؛ بە جۆرێک پێشتر عێراق ڕۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا تەنها (500 بۆ 700 هەزار) بەرمیل هەناردە دەکات.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە (2ی ئەم مانگە)ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشدا، بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا وەک یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان گەنگەشە کراوە، کە بەششیک لەم پلانە بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.
