ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆوە بینی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی نوێبوونەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو، کە بووەتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکان لە بەردەوامیی هەڵاوسان و مانەوەی ڕێژەی سوودی بانکی لە ئاستێکی بەرزدا بۆ ماوەیەکی درێژتر.
بەپێی دواین گۆڕانکارییەکان زێڕ بە ڕێژەی 0.2% دابەزی و نرخی یەک ئۆنسە گەیشتە 4,473.5 دۆلار.
دابەزینی نرخی ئەم کانزا زەردە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشە موشەکییەکانی ئێرانیان پووچەڵکردووەتەوە کە بەحرەین، کوێت و چەند ئامانجێکی تری ناوچەکەیان کردبووە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران تووشی چەقبەستوویی هاتوون.
بەرزبوونەوەی نرخی وزە (نەوت) پاڵپشتی لەو پێشبینییانە دەکات کە دەڵێن بانکی فیدراڵی ئەمریکا سیاسەتی نەختینەیی توند بۆ ماوەیەکی درێژتر دەهێڵێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا:"سەرۆکی بانکی فیدراڵی کلیفلاند ئاماژەی بە ئەگەر بەرزکردنەوەی زیاتری ڕێژەی سوود کرد، ئەگەر بێتو گوشارەکانی هەڵاوسان بەردەوام بن لەسەر ئابووری وڵات."
لە ئێستادا وەبەرهێنەران و بازاڕەکانی جیهان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی داتاکانی هەلی کاری ئەمریکان، کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە دیاریکردنی ئاڕاستەی داهاتووی سیاسەتی نەختینەیی بانکی فیدراڵی ئەمریکا.
