دەستەی پەیوەندییەکان لە بەیاننامەیەکدا کە دەست "بەغداد ئەلیەوم" کەوتووە، هاتووە "بڕیارەکە ڕاگرتنی هەموو کارەکانی کۆمپانیاکە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست دەربارەی سەرمایە و داراییەکانی (ئەصول) دەگرێتەوە، بەپێی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی پاراستنی مافەکانی دەوڵەت، هاوڵاتییان و سامانی گشتی".
ئەوەش هاتووە "بڕیارەکە پاڵپشت بە بڕگەکانی (١٢، ١٣، ١٥ و ١٦)ی ماددەی (پێنجەم/ پابەندییەکانی لایەنی دووەم و میکانیزمی دانەوە) لە گرێبەستی ڕێککەوتنەکە دەرکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێنرا کۆمپانیاکە پابەند نەبووە بە ئەرکەکانی و جێبەجێی نەکردوون، سەرەڕای پێدانی کات و دەرفەتی پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی بارودۆخی یاسایی و جێبەجێکردنی پابەندییە دارایی و گرێبەستییەکانی".
دەستەی پەیوەندییەکان جەختی کردەوە "هەموو ڕێکارە یاسایی، ڕێکخراوەیی و تەکنیکییە پێویستەکان دەگرێتە بەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و بەدواداچوون بۆ شوێنەوارەکانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، بە جۆرێک کە مافی دەوڵەت و سامانی گشتی بپارێزرێت و
قەرزەکان وەربگیرێنەوە و ئەو پابەندییانەی لەسەر کۆمپانیاکەن جێبەجێ بکرێن".
ئەوەش خراوەتە روو، دەستەکەیان بەشی دەنگی بەکاربەری ڕاسپاردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ وەرگرتنی سکاڵای بەشداربووانی کۆمپانیاکە و تۆمارکردن و بەدواداچوونیان بە شێوەیەکی یاسایی، هەروەها کارکردن بۆ چارەسەرکردنی ئەو لێکەوتانەی بەهۆی بڕیارەکەوە ڕووبەڕووی بەشداربووان دەبنەوە، لەگەڵ بارکردنی هەموو لێکەوتە یاسایی و داراییەکان لەسەر شانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کە بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانییەوە دروستبوون".
داواشی لە هەموو لایەنە فەرمی و نافەرمییەکان و هاوڵاتییان کرد کە ئەم بڕیارە لەبەرچاو بگرن و هیچ مامەڵە یان پابەندی و گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە ئەنجام نەدەن، و جەختی کردەوە کە "کۆمپانیاکە بەرپرسیارێتی تەواوی یاسایی و دارایی جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی گرێبەستەکەی دەکەوێتە ئەستۆ".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا رونیشکراوەتەوە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە و ئەو ڕێکارانەی لێی دەکەونەوە، لە چوارچێوەی مومارەسەکردنی دەسەڵاتە یاسایی و ڕێکخراوەییەکانیدایە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و مافی دەوڵەت و هاوڵاتییان و دەستەبەرکردنی بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا.
