حکومەتی عێراق بڕیاری داوە لەم وەرزەدا تەنها ٤٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە کاتێکدا توانای کۆگاکردنی سایلۆکانی هەرێم نزیکەی دوو هێندەی ئەو بڕەیە و هێشتا کێشەی شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووش چارەسەر نەکراوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی کۆگاکردن و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم ڕایگەیاند، لە هەرێم بە گشتی ١١ سایلۆ و دوو بنکەی هەڵگرتنی گەنممان هەیە، کە کۆی توانای کۆگاکردنیان دەگاتە ٩٨٠ هەزار تۆن، بەڵام بەغداد بڕیاریداوە تەنها ٤٠٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرێت.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی ساڵانی ڕابردووی جوتیاران، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشکرای کرد، کە بڕی ١٨٣ ملیار و ٢٠٥ ملیۆن دیناری پارەی گەنمی ساڵی ڕابردووی جوتیارانی هەرێم لای حکومەتی عێراق ماوەتەوە و خەرج نەکراوە.
هەروەها، لەو بڕە پارەیە، ٧١ ملیار و ٢٠٥ ملیۆن دیناری تایبەتە بە شایستەی دارایی جوتیارانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا کۆمپانیاکانى دانەوێڵەى خۆشناو لە هەولێر و قەیوان لە سلێمانى، بڕیاریانداوە بەشێک لە بەرهەمى گەنمى جووتیاران وەربگرنەوە.
