Apora Logo

تۆمەتبارێک کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا بڕێکی زۆر کەلوپەلی لە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران دزیبوو، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سۆرانەوە دەستگیرکرا

تۆمەتبارێک کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا بڕێکی زۆر کەلوپەلی لە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران دزیبوو، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سۆرانەوە دەستگیرکرا

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

2/6/2026

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە لە ماوەی دوو شەودا بڕێکی زۆر کەلوپەلی لە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران دزیبوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیس، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی لە بنکەی پۆلیسی خەلیفان سکاڵایان تۆمارکرد سەبارەت بە دزرانی ١٥ بتڵی غاز، دوو ئامێری چێشتلێنان و سێکوچکەی چێشتخانە لە کافتریایەکی دۆڵی ئالانە و کوری تەنگ، دەستبەجێ پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە.

پۆلیسی سۆران ئاماژەی بەوە کردووە، دوای بەدواداچوونی ورد و سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری، توانرا ناسنامەی تۆمەتبار بەناوی (ڕ . ع . ح) ئاشکرا بکرێت. تۆمەتبارەکە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا کۆرۆلا)ی بەکارهێناوە، کە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە تابلۆکانی لێکردبووەوە و جامەکانی ڕەش کردبوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارەکە دانیشتووی دەرەوەی سنووری ئیدارەی سۆران بووە، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکراوە. تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دەرکەوتووە کە لە کاتی ئەنجامدانی دزییەکەدا "ماددەی هۆشبەری" بەکارهێناوە.

لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی (٤٤٦) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

پۆلیسی سۆران داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی بینینی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانیانەوە بکەن بەم ژمارانە:

(١٠٤، ١٢٤، ١٣٤، ١٤٤ - بەشی نەهێشتنی تاوان).


;