سەرچاوە ئاگادارەکە باسی لەوە کردووە کە پێشینەی بێبەڵێنییەکانی ئەمریکا لە ڕابردوودا وایکردووە ئەمجارە ئێران بە وریاییەکی زۆرەوە لە دۆخەکە بڕوانێت. تاران دەیەوێت بە پشتبەستن بە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو، دڵنیا بێتەوە کە لە ڕێککەوتنەکانی ئەمجارەدا دەستکەوت و قازانجی ڕاستەقینە و مسۆگەر بەدەستدەهێنێت، نەک تەنیا بەڵێنی سەر کاغەز.
سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای گفتوگۆکان، سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە کە ئەمریکا لە هەڵگیرسانی جەنگ نیگەرانە و ئێرانیش لە خودی ڕێککەوتنەکە نیگەرانی هەیە. هۆکاری نیگەرانییەکەی ئەمریکا بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە تێچووی هەر جەنگێکی ئەگەری زۆر دەبێت و سەرکەوتنی تێدا مسۆگەر نییە، لە بەرامبەریشدا ئێران لەوە دەترسێت ڕێککەوتنەکە وەک جارەکانی پێشوو جێبەجێ نەکرێت.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە هەردوو وڵات لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی پەیامەکانەوە بەردەوامن لە گفتوگۆ. ئامانجی ئێستای هەردوولا ئامادەکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی چەند خاڵییە کە ببێتە بنەما بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی. بەقائی جەختی کردەوە کە پڕۆسەکە هەستیارە و پێویستی بە کات و وردبینی هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئامانجە سەرەکییەکانی لەم قۆناغەی دانوستاندنەکاندا دیاری کردووە، کە گرنگترینیان کۆتاییهاتنی جەنگە لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە. هەروەها تاران جەخت لە چەسپاندنی ئاسایشی دەریایی لە ناوچەی کەنداو و کۆتاییهێنان بە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا دەکاتەوە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک لە داهاتوودا.
