Apora Logo

شارەوانی سلێمانی: بەم زووانە قۆناغێکی تری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات

شارەوانی سلێمانی: بەم زووانە قۆناغێکی تری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات

ئاپۆڕانیوز_هەواڵ

1/6/2026

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کارەکانی قۆناغێکی نوێی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە کۆتاییدایە و بەم زووانە پڕۆسەی تیروپشک دەستپێدەکات.


لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، لە لێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانییەکەمان زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەویمان بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا کارمان لەسەر سێ پێگەی نوێ کردووە."


سەبارەت بە ڕێکارەکانی ئەو سێ پێگە نوێیەم، سەرۆکی شارەوانی وتی: "تەواوی ڕێکارەکانی ئەنجومەنی شارەوانی و تیمەکانی تێپەڕاندووە و ڕەوانەی نەخشەدانانی ئاوەدانی کراوە؛ داوامان لێکردوون پەلە لە ڕاییکردنی بکەن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر ژمارەیەکی زۆری تری فەرمانبەراندا ئەنجام بدەین."


لەیلا عومەر جەختی لەوەش کردەوە کە پڕۆسەی کارکردن لەسەر زەوییەکان بەردەوامە و تیمەکان خەریکی کارن، قۆناغ بە قۆناغ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی ناویان هاتووە، زەوییان پێدەدرێت.


سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە بەڵام ناویان نەگەڕاوەتەوە، ئاشکرای کرد: "لەسەر ئاستی فەرمانگەکانی خۆیان لیژنە هەیە، فۆڕمەکە پڕ دەکەنەوە و دەنێردرێت بۆ وەزارەتی پەیوەندیدار، دواتر بۆ لیژنەی باڵا لە وەزارەتی شارەوانی و پاشان بۆ ئەنجومەنی وەزیران. هەر کاتێک ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی وەرگرت، ناوەکانیان دەگەڕێتەوە و دەخرێنە ڕیزبەندی تیروپشکەوە."

;