Apora Logo

وەزارەتی کارەبا: بڕی 3 ملیار دینار داشکاندن بۆ هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی دەگەڕێندرێتەوە

وەزارەتی کارەبا: بڕی 3 ملیار دینار داشکاندن بۆ هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی دەگەڕێندرێتەوە

ئاپۆڕانیوز_هەواڵ

1/6/2026

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەنگاوە بەردەوامەکانیدا بۆ چاکسازی و ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردنی کارەبا و کەمکردنەوەی هەڵە تەکنیکییەکان، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد کە بڕی سێ ملیار و سی و یەک ملیۆن دینار وەک داشکاندن بۆ هاوبەشانی ماڵان دەگەڕێندرێتەوە. 


ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە سیستەمی نوێی پسوولەکردن لە کاتی پێداچوونەوەکانیدا توانیویەتی سەد و حەڤدە هەزار و شەشسەد و بیست و هەشت هاوبەشی ماڵان دیاری بکات کە لە سێ مانگی یەکەمی دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکیدا بە تەواوی لەو داشکاندنانە سوودمەند نەببوون کە مافی یاسایی خۆیان بووە.


 وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە مافەکانیان پارێزراوە و تەواوی ئەو بڕە پارەیەی کە تێکڕاکەی دەگاتە بیست و پێنج هەزار و حەوتسەد و شەست و هەشت دینار بۆ هەر ماڵێک، لە پسوولەی مانگەکانی داهاتووی پڕۆژەی ڕووناکی یان لەسەر ئەو قەرزانەی پێش پڕۆژەکە لەسەریان بووە کەم دەکرێتەوە، هەروەها ئەو هاوبەشانەی پێشتر خۆیان تۆمارکردووە لە ڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە بە شێوەیەکی فەرمی لە وردەکاری داشکاندنەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە.


ئەم هەنگاوە داراییە هاوتایە لەگەڵ بەڕێوەچوونی فراوانی پڕۆژەی ڕووناکی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی دوو هەزار و بیست و چوار لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا و دواتر لە مانگی ئایاردا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەکۆدەنگی پەسەندکرا بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تا کۆتایی ساڵی دوو هەزار و بیست و شەش. 


تاوەکو ئێستاش پڕۆژەکە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و نزیکەی پێنج ملیۆن و نیو هاووڵاتی کە دەکاتە زیاتر لە لەسەدا هەشتا و پێنجی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە کارەبای بەردەوام سوودمەندن. 


هاوکات بەپێی نرخە نوێیەکان، لەسەدا هەشتای هاووڵاتیان و بەتایبەتی چین و توێژە کەمدەرامەتەکان، پارەیەکی زۆر کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بەشێوەی هاوکات بۆ کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی دارایی لەسەر شانی خێزانەکان کەم دەکاتەوە و پڕۆسەی دابینکردنی وزەش ڕێکدەخاتەوە.

;