Apora Logo

بەشێوەیەکی کتوپڕ ئێران سەرجەم دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕاگرت

بەشێوەیەکی کتوپڕ ئێران سەرجەم دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕاگرت

ئاپۆڕانیوز_هەواڵ

1/6/2026

لە پەرەسەندنێکی نوێ و مەترسیداری گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوە باڵا و فەرمییەکانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، کە تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران پرۆسەی ئاڵوگۆڕی نامە سیاسییەکان و سەرجەم گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی لە ڕێگەی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەواوی و تا کاتێکی نادیار ڕاگرتووە. تاران ئەم بڕیارە دراماتیکییەی بۆ بەردەوامیی هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان گەڕاندووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پرسی لوبنان و پاراستنی سەقامگیرییەکەی بەشێکی سەرەکی بووە لە مەرجەکانی پێشوەختەی ئێران بۆ هەر جۆرە ڕێککەوتن یان ئاگربەستێک لە ناوچەکەدا، هاوکات بەرپرسانی ئێرانی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام نادرێت تا ئەو کاتەی کە داواکارییەکانی ئێران و بەرەی مقاوەمە جێبەجێ دەکرێن، کە خۆی لە ڕاگرتنی دەستبەجێ و بێمەرجی کردەوە دڕندانە و دەستدرێژکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و لوبنان، و کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەو قەوارەیە لە تەواوی ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان دەبینێتەوە.


ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە قورسە دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل، لە پێشێلکارییەکی گەورەی سەروەریی خاکدا و لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە ٣١ی ئایارەوە، هێرشێکی زەمینی بەرفراوانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەستپێکرد، و لەم چوارچێوەیەشدا یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمییەوە هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە ئەو ناوچانەی سەربازانی ئیسرائیل لە ناوەوەی خاکی لوبنان کۆنترۆڵیان کردووە بە ناوچەی سەربازیی داخراو هەژمار دەکرێن، هۆشدارییەکی توندیشی دایە بەرپرسانی بەیرووت کاتێک ڕایگەیاند کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان لێدانی بەیرووت و ناوچەکانی دیکەی لوبناندا نییە و ئەگەر کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی باکووری ئیسرائیل ئارامی و پارێزگارییان بۆ نەگەڕێتەوە، بە دڵنیاییەوە لە بەیرووتی پایتەختیش هیچ جۆرە ئارامی و ئۆقرەییەک نابێت، کاتز ئاماژەی بەوەش کرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر چەکدارانی حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت و ژێرخانی سەربازیی ئەو حزبە بە تەواوی لاواز کراوە، و ئامانجی کۆتایی ئەوان لەم قۆناغەدا داماڵینی تەواوەتی ناوچەی لیتانییە لە چەک و چەکدارانی حزبوڵڵا، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی قەڵای مێژوویی (شەقیف) لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، کە وەک قورسترین و قووڵترین دەستدرێژی بۆ سەر خاکی لوبنان لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکدا وەسف دەکرێت.


لە بەرانبەر ئەم هێرشە چڕانەدا، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە میانی وتارێکی نیشتمانیدا کە بەبۆنەی یادی ٣٩ ساڵەی تیرۆرکردنی ڕەشید کەرەمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری وڵاتەکەی پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکی زۆر توند، دڕندانە و سەرکۆنەکراوی ئیسرائیل بووەتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەموو ئەم ئاستەنگە گەورانە، لوبنان بە هەنگاوی قورس بەڵام جێگیر بەرەو پێشەوە دەڕوات بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی، ئاماژەی بەوەش کرد کە قۆناغی ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە پیاوانی دەوڵەتە کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان بخەنە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی کەسی و حزبی و تائیفییەوە، چونکە میراتی کەرەمی هێمایەکە بۆ لوبنانی یەکگرتوو و دەوڵەت تاقە گەرەنتی پاراستنی پێکەوەژیانە، هاوکا عۆن پابەندبوونی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی لوبنان بەتایبەت لە باشوور دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە پرۆسەی چاکسازی و دادپەروەری بێ پاشەکشە بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا کە بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم شەپۆلە بەرفراوانەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٢ی ئاداری ڕابردووەوە، دۆخی مرۆیی کارەساتبارە و زیاتر لە ٣ هەزار و ٣٧١ کەس کوژراون، نزیکەی ١٠ هەزار کەس بریندار بوون و زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی لوبنانیش لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون.

;