وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، واژۆی لەسەر خشتەی پلەبەرزکردنەوەی 1,385 ئەفسەری سەر بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئەمرۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، بڕیاری پلەبەرزکردنەوەکە چەند بەشێکی جیاوازی هێزەکان دەگرێتەوە، کە پێکهاتوون لە" فەرماندەیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو، فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن".
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە: "ئەم پلەبەرزکردنەوەیە، شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دڵسۆزی، ماندوبوون و شەونخونی ئێوەی تێکۆشەرە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانتان و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان".
وەزیری پێشمەرگە خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە کە هەوڵەکانی وەزارەت بۆ ڕێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران سەرکەوتوو بووە، و ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم قۆناغە نوێیە دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بەردەوامبوون و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتدا.
پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مووچەخۆران (سەربازی و شارستانی) لە هەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵی 2016وە بەهۆی قەیرانی سەختی داراییەوە ڕاگیرابوو.
دوای چەندین ساڵ لە پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی دۆسیەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، لە ساڵی 2024ەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری داوای لە سەرجەم وەزارەتەکان کرد لیستەکانی مووچە بەپێی پلەبەرزکردنەوەی نوێ ئامادە بکەن، کە بڕیارەکەی ئەمرۆی وەزارەتی پێشمەرگەش لەو چوارچێوەیەدا جێبەجێ کراوە.
