تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT) ئامارێکی نوێی لەبارەی قەبارەی زیان و هێرشەکانی سێ مانگی ڕابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی نێوان 28ی شوباتی 2026 تا 28ی ئایاری 2026، کۆی 751هێرش ئەنجامدراون کە بەهۆیانەوە 22 کەس کوژراون و 112 کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی نیساندا، هێرشەکان بەردەوام بوون و 104هێرشی دیکە تۆمارکراون؛ کە تێیدا 60.3% یان لەلایەن گرووپە چەکدارییە هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراق و 39.7%ی دیکەیان ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بووە، هەروەها 78.4%ی هێرشەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ ئەنجامدراون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پارێزگای هەولێر بە ڕێژەی 78.3% پشکی شێری بەرکەوتووە لە ئامانجی هێرشەکان. هاوكات لە قۆناغی دوای ئاگربەستدا، ئاراستەی هێرشەکان گۆڕاوە بۆ سەر بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێژەی 82.7%، کە تێیدا 5 کوژراو و 17 بریندار لە ڕیزەکانیاندا تۆمارکراوە و هێزەکانی ئێرانیش بەرپرسیارێتی 89%ی ئەو هێرشانەیان گرتووەتە ئەستۆ.
لە کۆتاییدا، تیمی CPT داوای لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کە سەروەری خاکی وڵات بپارێزن، لێپێچینەوە لە ئەنجامدەران بکەن و زیانلێکەوتووان بەپێی یاسا قەرەبوو بکرێنەوە.
