Apora Logo

تاران ڕەتیدەکاتەوە لە پرسی ئەتۆمیدا هیچ بەڵێنێکی بە واشنتن دابێت

تاران ڕەتیدەکاتەوە لە پرسی ئەتۆمیدا هیچ بەڵێنێکی بە واشنتن دابێت

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

1/6/2026

گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی تاوەکو ئێستا هیچ پابەندبوونێکی لە بواری ئەتۆمی و بنەماکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئەمریکا نەداوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە ئەمریکایە کە دەبێت بڕیار بدات "خۆی ڕادەستی مەرجەکانی ئێران دەکات" بۆ دانوستاندن، یان "ڕووبەڕووی مووشەکەکان" دەبێتەوە.


ئیبراهیم ڕەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا قسەی بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "هیچ پابەندبوونێکمان لە بواری ئەتۆمیدا بۆ ئەمریکییەکان دەرنەبڕیوە."


ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، کە هەفتەی ڕابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی بنەڕەتی بۆ ڕێککەوتنێکی درێژخایەن، کە پرسی ئەتۆمی یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی، بەڵام تاوەکو ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە.


ڕەزایی جەختی لەوە کردەوە کە تاران هیچ پابەندبوونێک لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم و بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە واشنتن نادات و گوتی: "تەنانەت لەوبارەیەوە بە هیچ شێوەیەک قسەیان لەگەڵ ناکەین."


هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە تاران چەندین مەرجی قورسی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا خستووەتەڕوو، کە گرنگترینیان ئەمانەن:


•قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ (سەردەمی گەمارۆکان).

•بە فەرمی ناساندنی دەسەڵاتی ڕەهای ئێران لە تەنگەی هورمز.


گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە کۆتاییدا هۆشداری توندی دایە واشنتن و گوتی: "ئێمە لەم مەرجانە پاشگەز نابینەوە. ئێستا دەبێ ببینین ئەمریکییەکان چ بڕیارێک دەدەن؛ ئایا بە دانوستاندن و دیپلۆماسی خۆیان ڕادەستی مەرجەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و ڕووبەڕووی دیپلۆماتکارەکانی ئێمە دەبنەوە، یان ڕووبەڕووی مووشەکەکانمان."


;