Apora Logo

ئێران سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کوردی خۆپێشاندانەکانی تارانی جێبەجێ کرد

ئێران سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کوردی خۆپێشاندانەکانی تارانی جێبەجێ کرد

ئاپۆرا نیوز- بەشی هەواڵ

1/6/2026

دەسەڵاتی دادی ئێران بە فەرمی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کوردی ڕاگەیاند، کە پێشتر لە کاتی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی وڵاتەکەدا لە تاران دەستگیرکرابوون.


ئەمڕۆ دووشەممە (1ی حوزەیرانی 2026)، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران (میزان) پشتڕاستی کردەوە، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی (میهرداد محەممەدی نیا) و (ئەشکان مالیکی) جێبەجێکراوە.


بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەم دوو گەنجە تۆمەتبارکرابوون بە "گڕتێبەردانی مزگەوتی ناوچەی نەسری تاران، بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و تێکدانی سامانی گشتی"، و ڕایانگەیاندووە کە سزاکە دوای پەسندکردنی لەلایەن دیوانی باڵای دادوەریی وڵاتەکەوە جێبەجێ کراوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە میهرداد محەممەدی نیا و ئەشکان مالیکی، خەڵکی شاری (قوروە)ی سەر بە پارێزگای سنەن. ڕێکخراوەکان ڕایانگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو گەنجە کوردە لە زیندانی (قزڵحیساری کەرەج) جێبەجێ کراوە.


ئێران لەسەر ئاستی جیهان بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە ساڵانە زۆرترین سزای لەسێدارەدان تێیدا جێبەجێ دەکرێت. بەپێی ئامارەکان، تەنها لە سەرەتای مانگی ئاداری ڕابردووەوە، نزیکەی 30 کەس لە ئێران بە تۆمەتەکانی وەک "بەرەنگاربوونەوەی چەکداری، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی لایەنی دەرەکی" لەسێدارە دراون.


;