وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا ئاشکرای کرد، ئەو بڕە پارەیەی وەک هاوکاریی مانگانە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە تەرخان کراوە، بە فەرمی خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت و لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دابەش دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتەکە، ئەم هاوکارییە داراییە تایبەتە بە شایستەی مانگی نیسانی ڕابردوو (مانگی 4). لە ئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارە دارایی و کارگێڕییەکانن، و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 4ی حوزەیرانی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکە بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دەستپێبکات.
سەبارەت بە میکانیزمی پێدانی پارەکە، وەزارەتی پێشمەرگە گۆڕانکاریی نوێی ڕاگەیاندووە: زۆرینەی ڕەهای ئەفسەران، پلەداران و پێشمەرگەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی بانکیی "هەژماری من"ـەوە هاوکارییەکانیان وەردەگرن، ئەمەش لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی مووچەدا.
راشیگەیاندووە ئەو پێشمەرگانەی کە هێشتا پرۆسەی دروستکردنی هەژماری بانکییان تەواو نەبووە، بە شێوازی پێشوو لە ڕێگەی سیستەمی بانکیی ئاساییەوە پشکەکانیان پێدەدرێت.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ شەڕی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی 2014ـەوە وەک پاڵپشتییەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بودجەیەکی تایبەت پێشکەش دەکات.
ئەم پارەیە لە ڕابردوودا وەک مووچەی بنەڕەتی دەدرایە لیوا هاوبەشەکان، بەڵام لە ئێستادا شێوازەکەی گۆڕاوە بۆ هاوکارییەکی مانگانە و تەنها ئەو هێز و لیوایانە دەگرێتەوە کە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکیان گرتووە و ڕێکخراونەتەوە.
