Apora Logo

گەورەترین فەزیحەی بەرتیل لە مێژووی عێراقدا؛ 200 ملیۆن دۆلار بۆ داخستنی دۆسیەیەکی گەندەڵی!

گەورەترین فەزیحەی بەرتیل لە مێژووی عێراقدا؛ 200 ملیۆن دۆلار بۆ داخستنی دۆسیەیەکی گەندەڵی!

ئاپۆرا نیوز- بەشی هەواڵ

1/6/2026

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاشکراکردنی ئۆفەرێکی بەرتیلی خەیاڵی بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار، شەقامی سیاسی و میدیایی عێراقی هەژاند. ئەم ئاشکراکردنە دەستبەجێ گۆڕا بۆ هەڵمەتێکی توندی دەستگیرکردن لەناو کەرتی نەوت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.


بەرتیلەکە چی بوو؟

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوت لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە 200 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بەردەم سەرۆک وەزیران، تەنها بۆ ئەوەی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی دابخات و پەردەپۆشی بکات.


تۆمەتباری سەرەکی کێیە؟

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" و شیکاریی میدیاکاران، تۆمەتبارەکە (عەدنان حەمەد حەموود) جێگری پێشووی وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوورە، کە ئێوارەی هەینی دەستگیرکرا. بەڵگەنامە فەرمییەکان دەری دەخەن کە ناوبراو هەر لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بە فەرمانی سەرۆک وەزیران لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە.


پەرەسەندنی دۆسیەکە؛ کێی تر دەستگیرکرا؟

لێکۆڵینەوەکان تەنها بە بریکاری وەزارەتەوە نەوەستان، بەڵکو لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بازنەی دەستگیرکردنەکان فراوانتر بوون وهێزێکی تایبەتی هەواڵگری، بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکووریان دەستگیرکرد. جگە لەوەش کارمەندێکی پێشووی ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیران (لە کابینەی پێشوو) دەستگیرکرا کە گومان دەکرێت هاوکاری ئەم تۆڕە بووبێت.


ئەم ڕووداوە پەرژینی سووری ململانێی دژە گەندەڵی بەتەواوی بەزاند حەمەد سەید، چالاکوانی سیاسی لە شیکارییەکدا دەڵێت:"کارەساتەکە لێرەدایە؛ ئەو بەرپرسە کاتێک بەرتیلەکەی پێشکەش کردووە، وەک سەرکێشێک ڕەفتاری نەکردووە، بەڵکو پشتی بە ڕێکارێک بەستووە کە پێشتر لەم وڵاتەدا تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە. پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: پێشتر چەند سەرۆک وەزیرانی تر بەرتیلی هاوشێوەیان قبوڵ کردووە؟"


ئەم دۆسیەیە شەقامی عێراقی و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای هەژاندووە. ڕای گشتی و چاودێران پێیان وایە ئەم بەرپرسە ناتوانێت بە تەنها کارێکی وا بکات، بەڵکو "قەڵغانێکی سیاسیی باڵا" پارێزگاری لێکردووە بۆ بەدەستهێنانی پشکی شێر لە گرێبەستە نەوتییەکاندا.


هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەت چی دەبن؟

سەرچاوە حکومییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەسەر ڕێنمایی سەرۆک وەزیران، قۆناغی داهاتوو سێ هەنگاوی بنەڕەتی دەگرێتەبەر:

1. پێداچوونەوە بە سەرجەم ئەو گرێبەستە ستراتیژییانەی کە لە سەردەمی کابینەی پێشوودا واژۆ کراون.

2. دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی سامانی گشتییان بەهەدەر داوە و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ دادگا.

3. ناساندنی ئەو هێزە سیاسییانەی کە لە پشت پەردەوە سوودمەندی یەکەمی ئەم گرێبەستە گوماناوییانە بوون.

 

;