ناوچەی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمز شاهیدی پەرەسەندنێکی مەترسیداری سەربازییە. لە کاتێکدا سوپای پاسدارانی ئێران ڕایدەگەیەنێت بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای پێکاوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکاش (سێنتکۆم) ئەنجامدانی چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی ئێران پشتڕاستدەکاتەوە. هاوکات سوپای کوێتیش دەڵێت وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی هێرشێکی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بورجێکی پەیوەندییەکان لە دوورگەی "سیریک" لە پارێزگای هورمزگان، هێزەکانیان بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج کە سەرچاوەی هێرشەکە بووە.
له ڕاگهیێندراوهكهدا هاتووە: "هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بنکەی ئاسمانیی سەرچاوەی دەستدرێژییەکەی کردە ئامانج و ئامانجە دەستنیشانکراوەکە تێکشکێندرا." سوپای پاسداران هۆشداری توندیشی داوەتە واشنتن و ڕایگەیاندووە: "لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکە، وەڵامەکە بە تەواوی جیاواز دەبێت." تاکو ئێستا ئێران شوێنی وردی ئەو بنکە ئەمریکییەی ئاشکرا نەکردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە، سوپای کوێت لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان چالاک کراوە و توانیویەتی بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی و درۆنی "دوژمن" بداتەوە. سوپای کوێت ئاماژەی بەوە کردووە کە دەنگی تەقینەوەکان بەهۆی تێکشکاندنی درۆن و مووشەکەکانەوە بووە و داوای لە هاووڵاتیانی کردووە پابەندی ڕێنماییەکانی سەلامەتی بن.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی "بەرگری لەخۆکردن"ی لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بۆ سەر ناوچەی غوروک و دوورگەی قیشمی ئێران ڕاگەیاند.
سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی جۆری MQ-1 لەلایەن ئێرانەوە لە ئاسمانی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا. بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی ئەمریکا، فڕۆکە جەنگییەکانیان توانیویانە ڕادارێک، وێستگەیەکی کۆنترۆڵ و ٢ درۆنی ئێرانی لەناو ببەن کە مەترسی بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، و جەختیشیان کردووەتەوە کە هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەو هێرشانەدا زیانی بەرنەکەوتووە.
