Apora Logo

نرخی نەوت زیاتر لە 2% بەرزبووەوە

نرخی نەوت زیاتر لە 2% بەرزبووەوە

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

1/6/2026

لەگەڵ دەستپێکی مامەڵەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ڕێژەی زیاتر لە 2% بەرزبوونەوەی بەخۆیانەوە بینی. ئەمەش دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان لە باشووری لوبنان و قووڵبوونەوەی مەترسییەکان لەسەر جێگیریی دابینکردنی وزە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 2.16 دۆلار (واتە بە ڕێژەی %2.37) بەرزبووەوە و گەیشتە 93.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

هاوکات نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکی2.37 دۆلار (واتە بە ڕێژەی %2.71) سەرکەوت و گەیشتە 89.73 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.


بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە گرژی و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە باشووری لوبنان سەرلەنوێ سەریان هەڵدایەوە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە شەش هەفتە بوو ئاگربەست ڕاگەیەندرابوو. ئەم دۆخە ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە کە بازنەی ململانێکان فراوانتر بێت و کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆ بکاتە سەر جووڵەی وزە لە ناوچەکەدا.


هاوکات، توندبوونی مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی دەریاوانی لە مەلاسی هورمز کە نزیکەی پێنج یەکی پێداویستیی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت هۆکارێکی تری پاڵنەری بەرزبوونەوەی نرخەکان بوو، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرت لەسەر بوونی هەڕەشەی بەردەوام کە ڕەنگە ڕەوتی ئاسایی هەناردەکردنی نەوت دوا بخات.


لە بەرامبەر ئەم هۆکارە سیاسی و ئەمنییانەدا، داتا ئابوورییە لاوازەکانی وڵاتی چین ڕێگرییان کرد لەوەی نرخی نەوت لەوە زیاتر هەڵبکشێت؛ دەرکەوتنی نیشانەکانی سستبوونی چالاکییە پیشەسازییەکان و دابەزینی قەبارەی خواستی گشتی لەو وڵاتەدا، مەترسیی نوێی لای چاودێران دروستکردووە سەبارەت بە پاشەکشەی ئابووریی چین کە دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە.


;