یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) سەرجەم ئەو خەڵاتانەی بڵاو كردەوە كە دەدرێت بە هەڵبژاردەكانی بەشداربووی مۆندیالی 2026 كە بڕیارە مانگی داهاتوو لە هەرسێ وڵاتی ئەمریكا و كەنەدا و مەكسیك بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی فیفا بڵاوی كردۆتەوە، بەشێوەیەكی گشتی خەڵاتی هەڵبژاردەكان و تێچووی گشتی پاڵەوانیەتییەكە زۆر زیادی كردووە.
كۆی گشتی خەڵاتەكانی مۆندیالی ئەمساڵ دەگاتە 871 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، ئەمە لەكاتێكدایە كە تێچووی گشتی مۆندیالی 2022ی قەتەڕ 440 ملیۆن دۆلار بوو.
هەر هەڵبژاردەیەكی بەشداربووی مۆندیالی 2026 بەدەر لە هەموو ئەنجامی یارییەكان، واتە ئەگەر هەڵبژاردەیەك لە قۆناغی كۆمەڵەكانیش دەربكرێت بڕی 12.5 ملیۆن دۆلاری پێ دەدرێت.
بێگومان هەڵبژاردەكان بەپێی سەركەوتنیان لە هەر قۆناغێكدا خەڵات و بڕی ئەو پارانەی پێیان دەدرێت زیاتر دەبێت.
فیفا رایگەیاندووە كە پاڵەوانی مۆندیالی 2026 بڕی 50 ملیۆن دۆلاری پێ دەبەخشرێ، ئەمە لەكاتێكدایە كە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كاتێك بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2022 بڕی 42 ملیۆن دۆلاری پێ بەخشرابوو.
پێشتر گیانی ئینڤانتینۆ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) رایگەیاندبوو كە بەشێوەیەكی گشتی تێچوو و خەڵاتی یارییەكانی ئەمساڵی مۆندیالیان زیاد كردووە بەشێویەك كە لە هیچ مۆندیالێكدا نموونەی نەبووە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لە مێژوودا 48 هەڵبژاردە بەشداریی لە یارییەكانی مۆندیال دەكەن.
