نامەی موجتەبا وەیسی، ئەو گەنجە کوردەی لە داڵاهۆ کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژرا، بۆ منداڵە فێرخوازەکانی کتێبخانەکەی بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، جار جار هەستەکانم بەرەو پەرتووکخانەکە دەفڕن، ئەو جێیەی کە ڕۆحم بۆ پەرتووکەکان باڵ ڕادەوەشێنێت.
نامەی موجتەبا وەیسی، کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەگەڵ براکەیدا کوژرا، بۆ منداڵانی کتێبخانەکەی بڵاوکرایەوە.
دەقی نامەکەی موجتەبا وەیسی بەم شێوەیەیە:
“جار جار هەستەکانم بەرەو پەرتووکخانەکە دەفڕن، ئەو جێیەی کە ڕۆحم بۆ پەرتووکەکان باڵ ڕادەوەشێنێت، بیری هەموو منداڵەکانی ناو کتێبخانەکەم دەکەم: مەهیا، مەحبووب، سەنا، ئایلین، سروەناز، حەنا، موبین، دیانا، ئاتوسا، هەستی، ئاڵو، نیگار، ئایدا، تەرانە، هاینە، ئایدین، بەرهەم.
ئایا ڕۆژێک گەورە دەبن و داهاتوویان دەبینم؟ نازانم ئایا دەبمە گەواهیدەری داهاتوو و گەورەبوونیان یان نا، بەڵام لە قووڵایی دڵمەوە بۆ هەر یەکەیان هیوای سەلامەتی، دانایی و ژیانی شکۆمەندانە دەخوازم، خۆشم دەوێن؛ هیوای زانین و هۆشیاری، دووری لە فێڵ و تەڵەکەی مرۆڤەکان، سەرڕێژبوون لە مرۆڤایەتی و لە ئەنجامدا ئازادی، گەڕان بۆ دادپەروەری، خزمەت بە گەل و هەڵوێستێکی بێناوبڕی وەک داربەڕووە کۆن و پتەوەکانیان بۆ دەخوازم، بە ئومێدی دیدارتان لە جیهانی ئازاد و ڕۆشن… ئاوەدانیی وڵات و گەورەبوونی ئێوە، گەورەترین ئاواتی منە، حەقتان لەگەڵ؛ حەق، پشتیوان و پەناتان بێت.
لە هەموو هەلومەرجێکدا، پڕم لە بێهیوایی و شڵەژانی دەروونی، بێهیوایی لەسەر داهاتوویەکی نادیار… بێهیواییەک کە لە نەزانینی ئەوەی چی ڕوو دەدات و لە نەبوونی توانای پێشبینیکردنی چۆنیەتیی ڕوودانی پێشهاتەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئایا ژیانی ئەم ستەمکارە کۆتایی پێ دێت، ئایا ئەم سەردەمەی زوڵم و ستەمە بەسەر دەچێت؟ یاخود زاڵمێکی دیکە لە شوێنی ئەو سەر هەڵدەداتەوە؟ ئایا ئەم چەرخە نەفرەتییە دووبارە دەبێتەوە؟ دەسەڵاتی دیکتاتۆر چۆن دەڕوخێنرێت و هەڵدەوەشێنرێتەوە؟
ئایا دەبێت بوێرەکان بە گیان و ماڵیان باجی ئازادی بدەن، بەڵام بێشکۆکان و ترسنۆکەکان ببنە خاوەنی هێز و خۆپەرستی و لەسەر تەختی دەسەڵات و بەڕێوەبردن دابنیشن؟ ئایا دەبێت ئەو مرۆڤە پاک و بێگەردانەی کە شەڕیان کرد و ژیانی خۆیان لەدەستدا، تەنیا وێنەکانیان لە زیندانەکاندا بمێنێتەوە؟ ئایا ئەنجامی هەموو هەوڵ و مردنی هەڤاڵانمان ئەوە دەبێت، کە داهاتووی نەتەوە بکەوێتە دەست ئەو کەسانەی کە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەسەڵاتیان دەوێت؟ لە کاتێکدا دەبێت دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەکار بهێنرێت، لە کاتێکی نزیکدا، کۆت و زنجیرەکانی ئەم کۆیلایەتییە سەرلەنوێ توند دەکرێنەوە…
“سەرنەویکردن شەرمە”
خەمی ڕاپەڕین بۆ شەڕکردن لە دژی زاڵمان، بۆ من سەرچاوەی بێهیوایی نییە؛ بەپێچەوانەوە، ئەوە خۆی ڕەوتی ژیان و مانای ژیانە، لەم جیهانە بەتاڵ و بێمانایەی کە من مانام پێ بەخشیوە، سەرنەویکردن لە بەرانبەر زوڵم و ستەمدا تەنیا لەبەر ترسی مردن و پێویستیی مانەوە لە ژیاندا، جگە لە شەرم هیچی دیکە نییە.
دڵسۆز،
پشتیوان و پارێزەری ئێوە.
بەرخۆدان خۆی ژیانە.
ڕاپەڕین خۆی ژیانە.”
جێگەی باسە، بەرەبەیانی ٢٨ـی مانگی ئایاری ئەمساڵ، دوو برای کوردی یارسان بە ناوەکانی مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی، لە گوندێکی شارۆچکەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دوواییەدا، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کرابوون، پاشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتڵاعات کوژران.
ڤ.م
