سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ یەكشەممە بەفەرمی تۆم باراكی بە نوێنەری تایبەتی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق دەستنیشان كرد.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: خۆشحاڵم رایدەگەیەنم كە تۆم باراك باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا لە ماوەكانی رابردوودا وەك نێردەی تایبەتی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە سووریا كاری نایابی كردووە.
ترەمپ هەروەها نووسیویەتی: تۆم باراك لەمەودوا وەك نێردەی تایبەتی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ عێراقیش دەستبەكار دەبێت.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەشی داوە: سەرەڕای ئەو پۆستە نوێیە، تۆم باراك وەك باڵیۆز لە توركیا دەمێنێتەوە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە پشتیوانی تەواوە دەكرێت.
لە كۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ گوتوویەتی كە پێزانینی تەواویان بۆ ئەو كارانەی تۆم باراك هەیە كە لە ماوەكانی رابردوودا ئەنجامیداوە.
ئەم پۆستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە دوێنێ شەممە وا بڵاوكرابووەوە كە تۆم باراك لە هەردوو پۆستی (باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە سووریا) دوورخراوەتەوە.
