لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە شاری کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دڵنیایی دا بە بنەماڵەی شەهیدان و شەڕڤانە دیلەکان کە پرسی ئازادکردنی ڕۆڵەکانیان لە پێشینەی کارەکانیانە و هەوڵەکان لەو پێناوەدا چڕتر کراونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزڵوم عەبدی بە مەبەستی تاوتوێکردنی مەلەفی بارمتەکان لەگەڵ کەسوکاری شەڕڤانە دیلەکان و بنەماڵەی شەهیدان کۆبووەوە. لە وتەیەکدا بۆ ئامادەبووان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە دۆسیەی بارمتەکان و گەڕاندنەوەیان ئامانجی ستراتیژی و سەرەکیی هێزەکانیانە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام و بەوردی چاودێریی ئەم پرسە دەکەن، بەو ئامانجەی لە نزیکترین کاتدا بگەنە ئەنجامێکی کۆنکرێتی و کۆتایی بەو دۆسیەیە بهێنن.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بنەماڵەی ڕفێندراوان و دیلەکان داواکارییەکانیان خستەڕوو، کە خۆی لە ئاشکراکردنی چارەنووسی منداڵەکانیان و خێراکردنی پرۆسەی گەڕاندنەوەیاندا دەبینییەوە. هاوکات، ئەو خێزانانە نیگەرانیی توندی خۆیان نیشاندا و ڕەخنەیان ئاراستەی حکومەتی کاتیی سووریا کرد بەهۆی ئەوەی پرۆسەی ئازادکردنی ڕۆڵەکانیانیان بۆ ماوەیەکی زۆر دواخستووە.
جێی باسە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، چەند گروپێکی چەکداریی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. بەپێی ئامارەکان، بەهۆی ئەو پەلامارانەوە ٢٦٤ کەس لە هاوڵاتیی مەدەنی و سەربازی شەهیدبوون، کە ١٢٠ کەسیان تەنها خەڵکی شاری کۆبانێ بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی دیکە لەلایەن ئەو گروپانەوە وەک بارمتە ڕفێندران.
سەبارەت بە چارەنووسی بارمتەکانی شاری کۆبانێ، تا ئێستا توانراوە ٣١ کەسیان ئازاد بکرێن. ئەو شەڕڤانانەی ئازادکراون، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، دووبارە گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان لە ڕیزەکانی هێزە سەربازییەکاندا. بەڵام هێشتا ٣٩ کەسی دیکە لە دەستی ئەو گروپانەدا وەک دیل ماونەتەوە و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەیان بەردەوامە.
