Apora Logo

کەتائیبی حزبوڵڵا مەرجەکانی بۆ ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت ڕادەگەیەنێت

کەتائیبی حزبوڵڵا مەرجەکانی بۆ ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت ڕادەگەیەنێت

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

30/5/2026

دوای بڕیارەکەی موقتەدا سەدر بۆ چەککردنی هێزەکانی، کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق پێشوازی لە هەنگاوەکە دەکات، بەڵام ڕایدەگ ەیەنێت کە ئەوان چەکی خۆیان دانانێن و ئەرکی "بەرگری" لە جیاتی هێزە کشاوەکان دەگرنە ئەستۆ هاوکات ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ کڕینەوەی چەکە قورسەکانی وەک درۆن و موشەک.


ئەبو موجاهید ئەلعەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵڵا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکەن چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە، بەڵام جەختی کردەوە: "چەکداری و جیهادکردن ئەرکێکی بە کۆمەڵە، ئێمە لە جیاتی ئەو لایەنانە جێبەجێی دەکەین کە بڕیاریانداوە چەک دابنێن."


کەتائیب پێشنیازی کردووە لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات و چەکە گەورەکان کۆنتڕۆڵ بکات، لەوانە: "جیاکردنەوە و کۆگاکردنی چەکی ئەو گروپانەی دەکشێنەوەو کڕینەوە و وەرگرتنی چەکە تایبەتەکانی وەک (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، موشەکی دوورهاوێژ و دژە تانک)، بەو بیانووەی کە دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت پسپۆڕی ئەم جۆرە چەکانەیان نییە.


ئەم جێگۆڕکێیە لە هەڵوێستی هێزە چەکدارەکان دوای ئەوە دێت کە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعی، بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بارەگا و چەکەکانی "سەرایای سەلام" و تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە مەدەنییەکانی دەوڵەت.


لای خۆشیەوە، عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازییەکی گەرمی لەم هەنگاوەی سەدر کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ سەرخستنی کارنامەی حکومەت لە چەککردنی گروپە دەرەکییەکان و هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی هێزە فەرمییەکاندا.


سەرچاوە حکومییەکان بۆ ئاژانسەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە پشت پەردەوە "نەرمیودۆستی" لە نێوان لایەنەکاندا هەیە بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە، بەڵام هێشتا کۆدەنگی تەواو نییە.


بۆ نموونە، بزووتنەوەی "النجباء" هێڵێکی سووری کێشاوە و ڕایگەیاندووە: پرۆسەی چەککردن تەنها ئەو چەکە "بێسەروبەرانە" دەگرێتەوە کە ئاسایشی هاووڵاتیان دەشێوێنن، نەک "چەکی بەرگری" کە بە بڕوای ئەوان دەستکاری ناکرێت.


;