ڕۆژنامەی "وول ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا لە پرۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکان، تەکنەلۆژیای نوێ و ڕۆبۆتی تایبەتی مانۆڕکردنی بەکارهێناوە. ئەم هەنگاوەش هاوتەریبە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان واشنتن و تاران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە و بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی سەربازی، ژمارەیەک کەشتیی بازرگانی توانیویانە لە گەرووی هورمز بپەڕنەوە دوای ئەوەی ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتنیان (Tracking Systems) کوژاندووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی پەڕینەوەی ئەم کەشتیانە بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی سوپای ئەمریکا ئەنجامدراوە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێشتا سەرقاڵی تاوتێکردنی بارودۆخەکەیە بۆ دەرکردنی "بڕیاری کۆتایی" لەسەر ڕێککەوتنی ئەگەری لەگەڵ ئێران.
ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئەو کەشتیانەی کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییە بێپێشینەکەوە گیریانخواردبوو، دەتوانن دەست بە پرۆسەی گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان بکەن، چونکە ئێمە ئێستا ئەو گەمارۆیە هەڵدەگرین."
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی گەڕانەوەی ئاسایی بۆ هاتوچۆی دەریایی دیاریکرد و ڕایگەیاند کە پێویستە ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و سەرانەیەک بکاتەوە بۆ هاتوچۆی ئازادی کەشتییەکان لە هەردوو ئاڕاستەکەدا، لەگەڵ پاککردنەوەی تەواوی ئەو مینە دەریاییانەی کە ماونەتەوە، دوای ئەوەی کەشتییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بەشێکی زۆریان لە ڕێگەی تەقاندنەوەوە لەناو بردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، هێزی دەریایی بەریتانیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینەکان.
سەرچاوە بەریتانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەدان دەریاوانی بەریتانی چاوەڕێی فەرمان دەکەن بۆ دەستبەکاربوون، بەمەبەستی چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکە، هەر کاتێک ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
