Apora Logo

ئەمریکا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران دەکات

ئەمریکا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

30/5/2026

پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی تەواو ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گورزە سەربازییەکانی دژی ئێران، ئەگەر بێتو دانوستانەکانی ئێستا نەگەنە چەسەپاندنی ڕێککەوتنێک.


هیگسێس لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئاسایشی "شانگریلا" لە سەنگاپوورە ڕایگەیاند: "توانای ئێمە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کاتی پێویستدا زۆر گەورەیە، کۆگا سەربازییەکانمان لە ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهاندا بە تەواوی ئامادە و بەستراون."


وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتۆن توانای بەڕێوەبردنی چەندین دۆسیەی سەربازیی هاوکاتی هەیە لە یەک کاتدا. ڕوونیشیکردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا کار لەسەر بەرفراوانکردنی بنکەی پیشەسازیی بەرگری و زیادکردنی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی بە ڕێژەی چەند هێندە دەکات، بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی دارایی و پشتیوانی بۆ پلانە سەربازییەکان لەسەر ئاستی جیهان.


هیگسێس باسی لەوەش کرد کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تڕەمپ، "ئارامی گرتووە" و دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتنێکی بەهێز کە گەرەنتی ئەوە بکات ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.


ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکان لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری. لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد تڕەمپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر پێشنیازی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە (کە لە سەرەتای نیساندا ڕاگەیاندرابوو) بۆ ماوەی 60 ڕۆژی دیکە، بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی.


شایەنی باسە کە ئەو جەنگەی لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە هەڵگیرساوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس، سەرەڕای دروستکردنی پشێوی و ناسەقامگیرییەکی بەرفراوان لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا بەهۆی ئەو گرژیانەی پەیوەستن بە گەرووی هورمزەوە.


;