شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی ساماڵ دەبێت و لە هەندێک ناوچەی شاخاویش ئەگەری تاوە باران هەیە، بەڵام لە سبەینێوە پلەکانی گەرما دووبارە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە:"لەئەنجامی بەردەوامی کاریگەری بارستە هەوای دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکانمان، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بە زۆری ساماڵ دەبێت و هەندێک کات پەڵە هەوری جیا جیا دروست دەبێت."
ئەو شارەزایە ڕوونیشی کردەوە، کە لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری پارێزگای دهۆک و سنووری ئیدارەی سۆران
لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، ئەگەری دروستبوونی کەڵەکە هەور، چالاکبوونی هەورەبروسکە و تاوە بارانی کورتخایەن هەیە. هاوکات پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ بە جێگیری دەمێننەوە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ یەکشەممە، ئاراس جەبار ڕایگەیاند، کەشوهەوا بە گشتی جێگیر و ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 2 پلە بەرزدەبنەوە و لە ڕۆژانی دواتریشدا، پلەکانی گەرما بەردەوام دەبن لە بەرزبوونەوەی زیاتر.
