نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەرێنی سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە دواین مامەڵەکانی ڕۆژی هەینیدا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە ڕێژەی 0.7% بەرزبووەوە و بە 4539 دۆلار داخرا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە نرخەکان تاوەکو ئاستی 4365 دۆلار دابەزینیان بەخۆوە بینیبوو، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا، هاوسەنگییەکەی گۆڕی و نرخەکەی هەڵکشاند.
هەروەها لە گرێبەستە داهاتووەکاندا بۆ ڕادەستکردنی مانگی ئاب (ئۆگست)، نرخی زێڕ بە 4550 دۆلار جێگیر بوو.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە:
1. کردنەوەی تەنگەی هورمز بۆ جووڵەی بازرگانی.
2. درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ.
هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی ڕابردوو واژۆ لەسەر ڕێککەوتنەکە بکات، بەڵام ناوبراو ڕایگەیاندووە کە "بەمزووانە" بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات. لە بەرامبەردا میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا هەندێک وردەکاری پێویستیان بە یەکلایی کردنەوە هەیە.
فلیپ ستریبڵ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (بلولاین فیوچەرز) ئاماژە بەوە دەکات کە دابەزینی نرخی نەوت و بەهای دۆلار هۆکاری سەرەکی بوون بۆ هاندانی وەبەرهێنەران بەرەو کڕینی زێڕ.
ناوبراو دەشڵێت: "سەرەڕای ئەم بەرزبوونەوەیە، بەڵام بەرزیی ڕێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و پێشبینییەکان بۆ مانەوەی ئەو ڕێژەیە لە ئاستێکی بەرزدا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، هێشتا وەک بەربەستێک لەبەردەم باز بازدانی زیاتری نرخی زێڕ دەمێننەوە."
