Apora Logo

​"لە 37%ـەوە بۆ تەنیا 5%؛ کورد لە ناوچە جێناکۆکەکانی دیالە بەرەو کەمینەبوون دەچێت"

​"لە 37%ـەوە بۆ تەنیا 5%؛ کورد لە ناوچە جێناکۆکەکانی دیالە بەرەو کەمینەبوون دەچێت"

ئاپۆڕانیوز

29/5/2026

بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمی کە لەلایەن دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە، دۆخی دیمۆگرافیی کورد لە پارێزگای دیالە لە پاشەکشەیەکی بەردەوام و "مەترسیدار" دایە.


فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند کە ناوچە کوردستانییەکان کرۆکی کێشەی نەتەوەیی کوردن لە عێراقدا، بەڵام ساڵانە گۆڕانکاریی ناسرووشتی لە دانیشتووانەکەیدا دەکرێت؛ بەشێوەیەک کە تەنیا لە ناحیەی گوڵاڵە ڕێژەی کورد بۆ 5% دابەزیوە و پڕۆسەی تەعریبیش بەردەوامە.


​ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە بەراوردکاریی داتاکانی نێوان ساڵانی 1957 بۆ 1977 ئاشکرای دەکات، ڕێژەی کورد لە دیالە لە 37%ـەوە بۆ 10.7% دابەزیوە (واتە 20% کەمبوونی بەخۆیەوە بینیوە)، لە بەرامبەردا ڕێژەی پێکهاتەی عەرەب لە 56%ـەوە بۆ 87% بەرزبووەتەوە.


ئێستا لە ناحیەی گوڵاڵە کە ژمارەی دانیشتووانی نزیک دەبێتەوە لە 100 هەزار کەس، پێشبینی دەکرێت تەنیا 5%ـیان کورد بن، لە کاتێکدا لە ساڵی 1987دا ئەو ڕێژەیە 12.9% بووە.


ئەم پاشەکشەیە ناحیەی سەعدیەش و خانەقینی گرتووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی خانەقین پێش تێکدانی گوندەکانی لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە، 238 گوندی کوردی هەبووە. سەرۆکی دەستەکە هۆشداریشی دا لە بەردەوامیی نیشتەجێکردنی عەرەب لە دەوروبەری کەرکووک و داوای کرد پرسی خاک بە جدی لە کارنامەی حکومەتی عێراقدا جێگیر بکرێت بۆ ڕێگری لەم داڕمانە دیمۆگرافییە.

;