وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دیزاینی دراوێکی 250 دۆلاریی بە وێنە و واژۆی دۆناڵد ترەمپەوە ئامادە کردووە. لە ئێستاشدا وەزارەتەکە لە هەوڵدایە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی کۆنگرێس تاوەکو دراوەکە بە فەرمی بناسێنرێت و هیچ کێشەیەکی یاسایی بۆ دروست نەبێت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا، تەنیا ڕێگە دەدرێت وێنەی ئەو کەسانە بخرێتە سەر دراوەکان کە کۆچی دواییان کردووە. ئەگەر کۆنگرێس ڕەزامەندی لەسەر ئەم پڕۆژەیە بدات، ئەوا دەبێتە یەکەمین جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە وێنەی کەسێکی زیندوو بخرێتە سەر دراوی فەرمیی ئەمریکا.
تۆڕی "ئەی بی سی نیوز" بڵاویکردووەتەوە کە پڕۆژەکە پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسایی هەیە لە کۆنگرێس. شارەزایانیش پێیان وایە گۆڕانکاریی لەم جۆرە لە سیستەمی دراوی ئەمریکادا، کاریگەریی لەسەر بازاڕە داراییەکانی جیهان و ئەوروپا دەبێت و مشتومڕی زۆری یاسایی لە واشنتۆن لێدەکەوێتەوە.
