Apora Logo

ڕژێمی ئێران سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەر سێ ژندا سەپاند، کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا بەشدارییان کردووە

ڕژێمی ئێران سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەر سێ ژندا سەپاند، کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا بەشدارییان کردووە

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

28/5/2026

ڕژێمی ئێران سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەر سێ ژندا سەپاند، کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا بەشدارییان کردووە.

دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران سەبارەت بە سزادانی سێ ژنی گەنج لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تارا داوودی و کیمیا داوودی، دوو خوشک کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن لقێکی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر قاسم سەلاوەتی، سزای قورسی زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، کیمیا داوودی سزای ١٠ ساڵ و تارا داوودی بە ٦ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە، ئەو دوو خوشکە لە ئێستادا لە بەشی ژنانی زیندانی ئەوین ڕاگیراون.

باس لەوەشکراوە، کیمیا داوودی، خوێندکاری پێشووی یاسا لە زانکۆی ڕازی و تارا داوودی، خوێندکاری پێشووی ڕاپرسی لە زانکۆی ئیسفەهان، لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و ئەشکەنجە کران.

هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە، پڕۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکەیان لە کەشێکی نائارامدا ئەنجامدراوە و ئەو دوو زیندانییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا ڕووبەڕووی فشاری توند و لێکۆڵینەوەی قورس بوونەتەوە.

دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران ڕاشیگەیاندووە، لەلایەن لقی ٢١ـی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران بە تۆمەتی”گردبوونەوە و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی” سزای دوو ساڵ زیندانییکردن بەسەر چالاکوانێکی مەدەنی دانیشتووی تاران بە ناوی سیما مەزلەقانی سەپێندرا.


;