Apora Logo

گەشتوگوزاری هەرێم: ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران تەواو کراون

گەشتوگوزاری هەرێم: ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران تەواو کراون

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

27/5/2026

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە سەرجەم ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە یاد و بۆنەکاندا تەواو کراون، و لە ئێستاوە لیژنە تایبەتەکانیان بۆ ڕاییکردنی کاروباری گەشتیاران لە ئەرکدان.


لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژن و بۆنەکاندا، ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەبنە جێی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران. لەو چوارچێوەیەشدا، دەستەی گشتی گەشتوگوزار دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و گەشتیاران کە باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت.


ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئامادەکاریی تەواو لەسەر هەردوو ئاستی حکومەت و کەرتی تایبەت کراوە. چەندین لیژنەی جیاواز بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی جۆراوجۆرەوە پێکهێنراون بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت."


وتەبێژی دەستەکە ئاماژەی بە بەربڵاوی هێڵەکانی پێشوازی کرد و وتی: دەستەی گشتی گەشتوگوزار خاوەنی هەشت بەڕێوەبەرایەتییە لە چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، و سەرجەم لیژنەکانی سەر بەم بەڕێوەبەرایەتییانە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن.


سەبارەت بە شێوازی کارکردنی لیژنەکان، ئیبراهیم عەبدولمەجید ڕوونی کردەوە: لیژنەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاریی تەواو لە کاتی هاتنەناوەوەی گەشتیاران.


هاوکات لە کاتی گەیشتنیاندا، بڕۆشەر، ڕێبەر و نەخشەی گەشتیاریی پێویست پێشکەشی گەشتیاران دەکرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی شوێنەکان بدۆزنەوە.


وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە لیژنەکانیان بەردەوام سەردانی سەنتەری شارەکان و هاوینەهەوارەکان دەکەن بۆ لەنزیکەوە چاودێریکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک. لەگەڵ ئەوەشدا هاوڕێ تیمی گەشتوگوزار، بەگوێرەی ڕێنماییەکان هێڵێکی گەرم (Hotline) بۆ گەشتیاران لە ناوچە گەشتیارییەکاندا دابینکراوە، تاوەکو لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان پێویستییەکدا، بتوانن دەستبەجێ پەیوەندی بە لایەنە بەرپرسەکانەوە بکەن.

;