موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە ڕێگەی نووسینێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X)، وەڵامێکی توندی دایەوە بە لێدوانەکانی عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق. سەدر ئاماژەی بەوە کرد کە قسەکانی باڵیۆز لەسەر پرسی ڕادەستکردنی دەسەڵات، تووڕە و دڵتەنگی کردووە.
باڵیۆزی بەریتانیا پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە دەستوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە گرووپە چەکدارەکان کردبوو، تێیدا ئاماژەی بەوەش دابوو کە ئەوان (هاوپەیمانان) دەسەڵاتیان لە عێراق ڕادەستی شیعە کردووە.
موقتەدا سەدر لە وەڵامەکەیدا بە توندی ئەو بانگەشەیەی باڵیۆزی بەریتانیای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەگەر کەمینەیەک لە شیعە لەژێر دەستیاندا بووبێت، ئێمە بەشێک نین لەوان و بەشێکیش نابین لێیان، نە لەم دنیا و نە لەو دنیا."
سەدر پرسیارێکی ئاراستەی باڵیۆزەکە کرد لەسەر مێژووی حوکمرانیی عێراق و نووسیویەتی: "کێ دیکتاتۆری (سەدام حوسێن)ی هێنایە سەر دەسەڵات؟ بەڵێ ئێوە هێناتان."
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە جەختی لە ڕۆڵی مێژوویی ڕەوتەکەی لە ناوخۆی عێراقدا کردەوە دژ بە ڕژێمی پێشوو و گوتی: "ئەگەر ڕەوتەکەمان لەناو عێراق نەبووایە و نەیاری دەسەڵاتی پێشوو نەبووایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیدەزانی کە ئەو دەسەڵاتە لە لایەن گەلەوە ڕەتکراوەیە."
هاوکات ڕەخنەی لەو هێزانە گرت کە لە دەرەوەی وڵات بوون و گوتی: "هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە دەرەوە لەسەر بوونی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە دەژیان و گەورە دەبوون."
له بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا، موقتەدا سەدر بەریتانیای تۆمەتبار کرد بە داڵدەدانی "بەعسییەکان و دوژمنانی ئایین و مەزهەب و نیشتمان" و داوای لێکردن بە زووترین کات هەموویان ڕادەستی دادگەی عێراقی بکەنەوە.
سەدر لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر بەهۆی هەڵوێستە دژەکانی بەریتانیا نەبووایە بەرامبەر بە "تیرۆری زایۆنی"، ئەوا دەبوو باڵیۆز لە چوارچێوەی دیپلۆماسیدا داوای لێبووردن بکات.
