Apora Logo

عەمار حەکیم: چاومان لە تەواوکردنی کابینەکەی عەلی فالح زەیدییە و پێشمەرگەش دەبێت پاڵپشتی بکرێت

عەمار حەکیم: چاومان لە تەواوکردنی کابینەکەی عەلی فالح زەیدییە و پێشمەرگەش دەبێت پاڵپشتی بکرێت

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

27/5/2026

عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی ڕایگەیاند، عێراق لەبەردەم دەرفەتێکی گرنگ و بەرپرسیارێتییەکی گەورەدایە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای پەسندکردنی بەشی یەکەمی کابینەی وزاری، چاوەڕوانن لە ڕۆژانی داهاتوودا وەزارەتەکانی دیکەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی لە پەرلەمان متمانەیان پێ بدرێت.


ئەم گوتانەی سەرۆکی ڕەوتی حیکمە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە (27ی ئایاری 2026)، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتاری جەژنی قورباندا هات لە بەغدا. حەکیم تیشکی خستە سەر چەند دۆسیەیەکی گرنگی سیاسی، ئەمنی و خزمەتگوزاری.


دوای ئەوەی لە 14ی ئایاری ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 بەربژێری وەزارەتەکانی حکومەتی نوێ دا، هێشتا نۆ وەزارەت بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. عەمار حەکیم باسی لەوە کرد کە پاڵپشتیکردنی حکومەت بۆ سەرخستنی بەرنامەکەی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان، "بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە"، هاوکات جەختی لە پێویستیی یەکلاکردنەوەی سەرجەم دۆسیە دواخراوەکان کردەوە.


سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ئاماژەی بە ئاڵنگارییە ئەمنییە ئاڵۆزەکانی قۆناغەکە کرد و داوای کرد بە وردی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات.


حەکیم بە گرنگییەوە باسی لە بەهێزکردنی بەرگریی ناوخۆیی کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە پاڵپشتیی تەواوی دامەزراوە ئەمنییە جیاوازەکان بکرێت، لەوانەش:

. سوپای عێراق

. پۆلیسی فیدراڵی

. هێزەکانی پێشمەرگە

. دەستەی حەشدی شەعبی


لە پەیامەکەیدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە، عەمار حەکیم داوای کرد کە زمانی دیالۆگ بکرێتە بنەما بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگ و بارگرژی. دووبارەشیکردەوە کە هەڵوێستی جێگیری عێراق بریتییە لە ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بە توندی ڕەتی دەکەنەوە خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی هاوسێ بەکاربهێنرێت.


;