ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند، هێزەکانی "موقاوەمە" بەگوێرەی ئاڵنگارییەکان بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی "داگیرکەران" بۆ هێنانەکایەی سەروەریی وڵات، ئاماژە بەوەش دەکات کە بەیاساییکردنی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان، ڕێگری لە هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە کردووە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕۆژی چوارشەممە 27ی ئایار، لە گوتارێکدا لە شاری بەغدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە ڕایگەیاند: "ئامانجمان ئەوەیە لە دەوڵەتێکی پەککەوتوو و شکستخواردووەوە هەنگاو بنێین بۆ قۆناخی دەوڵەتێکی سەرکەوتوو و بەهێز."
خەزعەلی لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی هێزە چەکدارەکان و ڕایگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری بەشێکی ڕوونی هێنانەکایەی ئامانجی دەوڵەتی بەهێزە، چونکە سەروەریی وڵات لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاریدا نایەتەدی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکانی موقاوەمە ئەگەری هەیە بەگوێرەی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە، بەردەوام بن.
خەزعەلی هاوشێوەییەکی لە نێوان دۆخی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هێنایەوە و گوتی، ئەزموونی سەربازیی ئێران سەرەتا بە کەسانی خۆبەخش دەستی پێکرد و دواتر دامەزراوەی سەربازیی لێ کەوتەوە؛ پێکهێنانی حەشدی شەعبیش لە ساڵی 2014 بە فەتوای مەرجەعی باڵا عەلی سیستانی دوای هاتنی داعش، هەنگاوێکی گرنگ و هاوشێوە بوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق بەرگری لە پێگەی یاسایی دەستەی حەشدی شەعبی کرد کە لە ساڵی 2014ەوە دامەزراوە و ئێستا بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بەستراوەتەوە.
خەزعەلی جەختی لەوە کردەوە کە دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی یاساییە و لەژێر چەتری دەستووردا بەیاسایی کراوە، ئەمەش بە "دەستکەوتێکی گرنگ" ناو دەبات و دەڵێت: "ئەگەر پەرلەمان یاسای حەشدی شەعبی پەسند نەکرادایە، هەندێک ئەو گرووپەیان بە میلیشیایەکی تیرۆریستی ناودەبرد و داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەکرد."
