ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا سەقامگیریی بەخۆیەوە بینی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێری پەرەسەندنی دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەن، هاوکات چاوەڕوانی ئاماژە نوێیەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵی) دەکەن سەبارەت بە سیاسەتی نەختینەیی.
نرخەکانی زێڕ و زیو لە بازاڕدا:
ئۆنسەیەک زێڕ لەسەر ئاستی 4504.95 دۆلار بۆ هەر جێگیر بوو. هاوکات زیو بە ڕێژەی 0.2% دابەزی و گەیشتە 76.83 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
بازاڕەکانی جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبن، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران ئەمریکای بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی چەند پێگەیەک لە نزیک گەرووی هورمز.
له لایهكی دیكهوه، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە پێدەچێت گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران "چەند ڕۆژێکی کەم" بخایەنێت، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنەران بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
جگە لە دۆسیە سیاسییەکان، بازاڕەکان لە نزیکەوە چاودێری لێدوانی بەرپرسانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا و داتا چاوەڕوانکراوەکانی تایبەت بە خەرجییەکانی بەکاربردنی کەسی (PCE) دەکەن، بەمەبەستی بەدەستهێنانی وێنەیەکی ڕوونتر لەسەر ئاستی هەڵاوسان و ئاڕاستەی داهاتووی ڕێژەی سوو لە ئەمریکا.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە بەردەوامیی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ناوچەکەدا، هاوشان لەگەڵ پێشبینییەکانی تایبەت بە سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا، وەک دوو بزوێنەری سەرەکی و کاریگەر لەسەر جووڵە و نرخی زێڕ لە ماوەی داهاتوودا دەمێننەوە.
