Apora Logo

ئیسرائیل "هێڵی زەرد" دەبەزێنێت و ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی لە باشووری لوبنان فراوانتر دەکات

ئیسرائیل "هێڵی زەرد" دەبەزێنێت و ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی لە باشووری لوبنان فراوانتر دەکات

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

26/5/2026

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە بە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی و بە ئامانجی لەناوبردنی مەترسیی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی حزبوڵا، ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی لە باشووری لوبنان فراوانتر کردووە. سوپای ئیسرائیل لەو چوارچێوەیەدا لە "هێڵی زەرد" تێپەڕیوە کە پێشتر وەک سنووری پێشەوەی ناوچەکانی شەڕ دیاری کرابوو.

ڕۆژنامەی "هائارتس" و ماڵپەڕی "وای نێت"ی ئیسرائیلی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم پێشڕەوییە زەمینییە نوێیەی سوپا لە باکووری هێڵی زەرد، بە مەبەستی پاراستنی گیانی سەربازان و هاووڵاتیانی ئیسرائیلە لە هێرشە ڕاستەوخۆکان.

هاوکات ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویکردەوە، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بە تەواوی تێکچووە؛ سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بێپێشینەی بە دانیشتووانی شاری "نەبەتیە" داوە بۆ چۆڵکردنی شارەکە و دواتریش بە توندی بۆردومانی کردووە. ئەم هێرشانەش دوای کوژرانی ١١ کەس دێن لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان.

سەرەڕای بوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل و حزبوڵا ڕۆژانە بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی تەقە. لە بەرانبەر پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، حزبوڵای لوبنانی ڕایگەیاند کە هێزەکانیان ڕووبەڕووی یەکەیەکی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوە کە هەوڵیانداوە بەرەو شارۆچکەیەکی ستراتیژیی سەر بە شاری نەبەتیە پێشڕەوی بکەن.


;