یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان داوا لە حاجیان دەکات قوربانییەکانیان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوەش لەپێناو سوودمەندبوونی هەژارانی ناوخۆ و بووژانەوەی بازاڕی کوردستان.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان راگەیاند: “ئەو حاجیانەی ئێستا لە سعودیەن، وا باشترە لێرە قوربانی بکەن. دەتوانن دایک، باوک، برا یان هەر کەسێکی دیکە بکەنە وەکیلی خۆیان بۆ قوربانییەکە، تاوەکو خەڵکی هەژاری خۆمان سوودمەند بن و بازاڕی کوردستانیش ببوژێتەوە.”
وتەبێژی یەکێتیی زانایان جیاوازیی نێوان “فیدیە” و “قوربانی” روون دەکاتەوە و دەڵێت: “فیدیە دەبێت هەر لە کاتی حەجدا و لەوێ بکرێت، بەڵام قوربانیی ئاسایی باشتریشە لە کوردستان بکرێت، بۆیە داوا لە حاجیان دەکەین لێرە قوربانییەکەیان بکەن.”
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ رێکلامێک بڵاوبووەتەوە گوایە قوربانییەکان ببرێنە دەرەوە وەک وڵاتانی ئەفریقا بۆ ئەوەی هەژارانی ئەوێ سوودمەندبن، بەڵام ئەو دەڵێت: “پێشینە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستانە، نەک وڵاتانی دیکە.”
زیاتر لە 5 هەزار حاجی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە سعودیەن و بەپێی بەڵگە شەرعییەکان و بڕیاری سعودیە سبەی چوار شەممە، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
