Apora Logo

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی جەژنی قوربانیان پیرۆز کرد

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی جەژنی قوربانیان پیرۆز کرد

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

26/5/2026

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی جەژنی قوربانیان پیرۆز کرد و ڕایانگەیاند، بەهیواین ئەم جەژنە ببێتە سەرەتای ژیانێکی نوێ کە تێیدا دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی و ئازادی باڵادەست بێت.

تولای حاتیمۆغولاری و تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، هیوادارین جەژنی قوربان ببێتە مایەی دەسپێکردنی سەردەمێک کە ژیانی دیموکراتیک وەک پێویستییەکی بنەڕەتی بەهێزتر بێت، یاسا و دادپەروەری و ئازادی گەشە بکات، نان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان دابەش بکرێت.

ڕاشیانگەیاند، لەم ڕۆژە مێژووییانەدا کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێیدا بەڕێوەدەبرێت، باشترین شت بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیهێنانی دیموکراسییەکی تۆکمە و ئاشتییەکی شکۆمەندانە و دابینکردنی ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرە.

لە درێژەی پەیامەکەیاندا ئاماژە بەوەدەکەن، بە هیوای هاتنی ڕۆژانێکی گەش کە ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراتیک هەڵبگیرێن، داهاتوویەکی ئازاد و ئاشتییانە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان بنیات بنرێت، درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک.

هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە کۆتایشدا وتوویانە: جەژنی قوربان لە تەواوی گەلانمان پیرۆزدەکەین، بەهیواین ئەم جەژنە ببێتە سەرەتای ژیانێکی نوێ کە تێیدا دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی و ئازادی باڵادەست بێت.


;