Apora Logo

نرخی زێڕ گۆڕانکاری بەسەرداهات

نرخی زێڕ گۆڕانکاری بەسەرداهات

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

25/5/2026

نرخی زێڕ لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا بە ڕێژەی زیاتر لە %1 بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و نزمبوونەوەی نرخی نەوت. ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەن بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتی، کە پێدەچێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیری بازاڕە جیهانییەکان هەبێت.


بەپێی دوایین مامەڵەکان نرخی ئۆنسەیەک بە ڕێژەی %1.4 بەرزبووەوە و گەیشتە 4,557.6 دۆلار.


هاوکات نرخی زیو بە ڕێژەی %3.9 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 78.42 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.


دابەزینی بەهای دۆلار پاڵنەرێکی بەهێزبوو بۆ درەوشانەوەی کانزا زەردەکە، چونکە کڕینی زێڕی بە دۆلار بۆ خاوەن دراوەکانی تر کەمتر تێدەچێت و ئەمەش خواست لەسەر کڕینی زیاد دەکات.


لە ڕووی سیاسییەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی بازاڕ هەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ داوای لە نوێنەرەکانی کردووە پەلە نەکەن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.


ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە واشنتن و تاران "تا ئاستێکی زۆر دانوستانیان کردووە" لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن، کە لەوانەیە ببێتە هۆی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز (کە ڕێڕەوێکی ستراتیژی گرنگە بۆ بازرگانی و وزەی جیهانی).


;