یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی کۆتاییهاتنی سەردەمی زێڕینی ڕاهێنەرە ئیسپانییەکەی، پێپ گواردیۆلای لە پۆستەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای کاروانێکی ناوازە و پڕ لە دەستکەوت کە دە ساڵی تەواوی خایاند و تێیدا یانەکە گەشەسەندنێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینی.
بڕیارە گواردیۆلا لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بە فەرمی پۆستی بەڕێوەبەری هونەری مانچستەر سیتی جێبهێڵێت. ناوبراو لە تەمموزی 2016دا ئەرکەکەی گرتە ئەستۆ و لەو ماوەیەدا توانی وەرچەرخانێکی ڕیشەیی لە سەرجەم ئاستەکاندا (شێوازی یاریپێکردن، ئەنجامەکان و ناسنامەی هونەری یانەکە) دروست بکات.
لە ماوەی ئەو دە ساڵەی سەرکردایەتی یانەکەی کرد، گواردیۆلا توانی 20 نازناوی گەورە و گرنگ بۆ مانچستەر سیتی بەدەستبهێنێت. بەمەش ناوی خۆی وەک گەورەترین و سەرکەوتووترین ڕاهێنەر لە مێژووی یانەکەدا تۆمارکرد، و شوێنپەنجەی خۆی وەک یەکێک لە دیارترین ڕاهێنەرەکانی مێژووی تۆپی پێی هاوچەرخ چەسپاند.
