ڕۆژنامەی ماركا لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا لەژێر ناونیشانی "ئێستا چی؟"، تیشک دەخاتە سەر دۆخی تەمومژاوی و قەیراناوی یانەی ڕیال مەدرید، دوای ئەوەی ئەم وەرزەی بە "خراپترین وەرزی یانەکە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا" وەسف کرد.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە کارگێڕی یانە شاهانەکە بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئامادەکاری بۆ بڕیاری بەپەلە و چارەنووسساز دەکات بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی تیپەکە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەو وێنەیەی ڕیال مەدرید لە یاری کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا نیشانیدا، گوزارشتێکی ڕوون بوو لە وەرزە کارەساتبارەکەی؛ تیپێکی بێ ڕۆح و بێ کەسایەتی، کە بەدەست کەمکوڕی ڕوونەوە لە سەرجەم هێڵەکاندا دەیناڵاند، تا کار گەیشتە ئەوەی یاریزانەکانی ئالڤارۆ ئاربێلوا لە یاریگای خۆیاندا تەماشای ئاهەنگی دەستبەسەرداگرتنی نازناوی لالیگا لەلایەن بارسێلۆناوە بکەن."
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە ڕیال مەدرید لە ئێستادا لەبەردەم سێ وێستگەی سەرەکی و حاسمسازدایە بۆ داڕشتنەوەی داهاتووی یانەکە:
١. گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ "سەمای کۆتایی"
هەنگاوی یەکەم و هەرە گرنگی پێرێز، هێنانی ڕاهێنەرێکی نوێیە بۆ شوێنگرتنەوەی ئاربێلوا. لە ئێستادا تەواوی سەرنجەکان لەسەر ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە، جۆزێ مۆرینیۆیە. مۆرینیۆ کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ پێرێزدا هەیە، ڕاپۆرتی وردی لەسەر ئاستی یاریزانەکان پێگەیشتووە و وەک باشترین بژاردە دەبینرێت بۆ گەڕاندنەوەی دیسپلین و گیانی جەنگاوەری بۆ ناو ژووری جلگۆڕینی یانەکە. ڕۆژنامەکە دەڵێت مۆرینیۆ بە جدی بیر لەم دەرفەتە دەکاتەوە بۆ ئەوەی "سەمای کۆتایی" لە مەدرید پێشکەش بکات.
٢. گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هێڵی بەرگریدا
لە فالدیبیباس (بارەگای مەشقی ڕیال مەدرید)، گفتوگۆی گەرم هەیە لەسەر پێویستیی کڕینی ٣ بۆ ٤ یاریزانی نوێ لە هێڵی بەرگریدا. ئەمەش بەهۆی ئەو تەمومژەی دەوری داهاتووی هەریەکە لە (ئێدەر میلیتاو، فێرلاند مێندی، و دافید ئالابا)ی داوە، لەگەڵ بوونی گومان لەسەر ئاستی دانی کارڤاخال و ونبوونی کارێراس لە کۆتایی وەرزدا. یانەکە بڕیاریداوە پشت بەستن بە بەهرەمەندە گەنجە تاقی نەکراوەکان کەم بکاتەوە و تەنها گرنگی بە یاریزانی خاوەن ئەزموونی سەلمێنراو بدات.
٣. هێڵی ناوەڕاست و هێرشبەر
ئاستی نزم و پاشەکشەکردووی هەریەکە لە (فێدیریکۆ ڤاڵڤێردی و ئۆرێلین چوامینی) نیگەرانی زۆری لای کارگێڕی یانەکە دروستکردووە، بەڵام گۆڕانکاری لەم هێڵەدا هێندەی هێڵی بەرگری بەپەلە نابێت.
لە بەرامبەردا، کارگێڕی یانەکە پێی وایە هێڵی هێرشبەری پێویستی بە دەستکاری گەورە نییە، بەڵکو بەردەوام دەبن لە پشت بەستن بە سێ چەکی سەرەکی: (کیلیان مباپێ، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، و جود بێلینگهام)، لەگەڵ گەڕانەوەی نیکۆ باز و پشتیوانی بەردەوامی ئیندریک.
(دووڕیانێکی ڕاستەقینە)
ڕۆژنامە ئیسپانییەکە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە ڕیال مەدرید لەبەردەم دووڕیانێکی مێژووییدایە؛ پێرێز و یاریدەدەرانی هێشتا بڕوایان بە جۆرایەتی و توانای یاریزانەکانی ئێستایان هەیە، بەڵام پێیان وایە پێویستیان بە ڕاهێنەرێکی خاوەن کەسایەتی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی باشترین ئاستی خۆیان بەدەست بهێننەوە. هەفتەکانی داهاتوو چارەنووسی پڕۆژە نوێیەکەی یانەی شاهانە یەکلایی دەکەنەوە، چ بە گەڕانەوەی "مستر سپێشەڵ وەن" یان بە دەستپێکردنی شۆڕشێکی سپی گشتگیر.
