Apora Logo

ئێران چەند مەرجێک بۆ بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 ڕادەگەیەنێت

ئێران چەند مەرجێک بۆ بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 ڕادەگەیەنێت

ئاپۆڕانیوز - بەشی وەرزش

9/5/2026

حکومەتی ئێران و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، کۆمەڵێک مەرج و داواکارییان بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەیان لە مۆندیالی 2026 ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە ڕێکارە ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکاوە.


1- پێویستە واشنتن گەرەنتی پێدانی ڤیزا بدات بە سەرجەم یاریزانان و ستافی تەکنیکی، بەتایبەت ئەو یاریزانانەی کە خزمەتی سەربازییان لەناو "سوپای پاسداران"دا ئەنجامداوە، وەک (مەهدی تارمی و ئیحسان حاج سەفی)، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی ببنەوە.


2- داوا کراوە کە یاریزانان و ستافی هەڵبژاردەکە لە کاتی گەشتەکەیاندا لەلایەن پۆلیسی کۆچبەرانی ئەمریکاوە ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە نەبنەوە.


3- پێویستە پۆلیسی ئەمریکا بەرزترین ئاستی پاراستنی ئەمنی لە فڕۆکەخانە، هۆتێل و یاریگاکان بۆ شاندی ئێران دابین بکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.


4- مەرج کراوە کە تەنیا ڕێگە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای فەرمی "کۆماری ئیسلامی ئێران" بدرێت لەناو یاریگاکاندا و بردنی هەر ئاڵایەکی دیکە قەدەغە بکرێت، هاوکات گەرەنتی لێدانی سروودی نیشتمانی ئێران بەبێ پچڕان بدرێت.


5- دیاریکردنی میکانیزمێکی ڕوون بۆ پێدانی ڤیزا بە ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی و هاندەران تا بتوانن ئامادەی یارییەکان بن.


6- لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکاندا، دەبێت پرسیاری ڕۆژنامەنووسان تەنیا لە چوارچێوەی بابەتە وەرزشییەکاندا بێت و دوور بێت لە پرسە سیاسییەکان.


بڕیارە مۆندیالی 2026 بە هاوبەشی لە نێوان وڵاتانی (ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک) بەڕێوەبچێت، ئەم مەرجانەی ئێرانیش لە کاتێکدایە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تاران و واشنتن بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبن.


;